Abdullah Shukur
22 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 23 تشرینی دووەم 2017
سۆچی - AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادمیر پوتین رایگەیاند کە لەگەڵ تورکیا و ئێران بەمەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی سورویا لەسەر دەقێکی ھاوبەش رێککەوتوون. گوتیشی: "تورکیا، ئێران و رووسیا رێککەوتوون لەسەر کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی سووریا".
پوتین لە دوای لووتکەی سۆچی لەبارەی سووریا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا سوپاسی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرکۆماری ئێران حەسەن روحانی کرد بەھۆی ئەو راوێژانەی کە ئەنجامیان داوە.
پوتین جەختیشی لەوە کردەوە کە لە نێوان تورکیا، رووسیا وئێران بەمەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا دەقێکی ھاوبەش واژوو کراوە. گوتیشی: "بەپێی ئەم دەقە، سێ وڵاتی گەرەنتیدەر ئەو ھەنگاوانە دیار دەکەن کە لە سووریا دەنرێن".
پوتین ئەوەشی خستەڕوو کە لە لووتکەی نێوان تورکیا، ئێران و رووسیا بۆ دووبارە بونیاتنانی سووریا لە رووی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە راوێژیان لەگەڵ یەکتر کردووە. لەمبارەیەوە زیاتر گوتیشی: "خۆشحاڵم بەوەی سەرکردەکانی تورکیا و رووسیا بە ئەرێنییەوە پێشوازیان لە بیرۆکەی بەستنی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی سووریا لە بارەی چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا کردووە. تورکیا، ئێران و رووسیا رێککەوتوون لەسەر 'کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی سووریا'. فەرمان دراوە بە وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی فۆرم و چۆنییەتی ئەنجامدان و بەرواری کۆنگرەکە دیار بکەن".