واشنتۆن
فەرماندەی هێزی بەرگری ئاسمانی ئەمریكا ویلیام گۆرتنەی گوتی: "من پێم وایە هەموو ژێرخانە هەستیار و گرنگەكانی ئەمریكا لاوازن چونكە نازانین لاوازی راستەقیینەمان لە كوێیە".
گۆرتنەی لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ساز كرا پرسیاری ئەو مەترسییانەی كرد كە بە هۆی پچڕانی كارەبای كۆشكی سپی، وەزارەتی دەرەوە و دامودەزگا گرنگەكانی دیكەی ئەمریكا رووبەرووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بوونەتەوە.
گۆرتنەی گوتی: "لەو چوارچێوەیەدا لاوازی زۆرمان هەیە چونكە ئیدارەی ئەمریكا، سیستەمی بانكی ئەمریكا، كەرتی وزە و هێڵەكانی شەمەندەفەر و چەندین كەرتی دیكەی ئەمریكا گرێدراوی ژێرخانن. ئەگەر یەكێك بە نیازخراپی لەو كەرتانەدا چالاكییەك ئەنجام بدات یا بە گوێرەی سروشتی ئەو كەرتانە ئەگەر بێتو كێشەیەك روو بدات ئەوا كاریگەری زۆر خراپی لەسەر ئەمریكا دەبێت و من پێم وایە هەموو ژێرخانە هەستیار و گرنگەكانی ئەمریكا لاوازن چونكە نازانین لاوازی راستەقین لە كوێیە و بۆ كەم كردنەوەی ئەو لاوازییانە ئەوەی لە دەستمان بێت دەیكەین بەڵام ئەمانە لای من سەرچاوەی سەرەكی ترسن".
گۆرتنەی لە وەڵامی پرسیارێكدا لە بارەی ئەمنیەت و ئاسایشەوە گوتی: "لە بواری ئەمنی و ئاسایشیدا دوای پچڕانی كارەبا سیستەمی یەدەگ كەوتووتە كار و رەوتی ئاسایی ژیان بەردەوام بووە، بەڵام ئایا ئەو سیستەمانە چەندە بە شێوەیەكی كاریگەر كاریان كردووە؟ ئایا توانای تەواویان هەیە؟ ئایا پێویست دەكات ئەو سیستەمانە بەهێزتر بكەین؟ ئێمە سەیری ئەم جۆرە شتانە دەكەین و ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین".
نیوەڕۆی دوێنێ سێشەممە كارەبای كۆنگرێس، كۆشكی سپی، وەزارەتی دەرەوە و چەندین شوێن و دامەزراوەی دیكەی ئەمریكا پچڕا و هۆكاری پچڕانی كارەبا تەقینەوەیەك بووە كە لە وێستگەیەكی كارەبا لە ویلایەتی مەریلەند لە نزیك واشینتۆنی پایتەخت.
گوتەبێژی كۆشكی سپی جۆش ئەرنەست باسی لە كاریگەرییەكانی پچڕانی كارەبا لە كۆشكی سپی كرد و گوتی: "لە كاتی پچڕانی كارەبا لەگەڵ سەرۆك ئۆباما لە كۆبوونەوەدا بووین وكاتێك دەركەوتم گوتیان كارەبا پچڕاوە بۆیە كاتێك كە كارەبا پچڕا نە من نە ئۆباما هەستمان بە هیچ شتێك نەكرد. بەڵام پچڕانی كارەبا لە كاتی ئەنجامدانی كۆنگرەی رۆژنامەوانی وەزارەتی دەرەوە روویداوە بۆیە ماریا هارف و رۆژنامەنووسەكان بۆ ماوەیەكی كورت لە تاریكیدا ماون.