Enes Canlı
15 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2022
قودس- AA
پۆلیسی ئیسرائیل چووە ناو مزگەوتی قیبلی کە دەکەوێتە مزگەوتی ئەقسا.
ئەو رووداوانەی دوای نوێژی بەیانی بەبیانووی ئەوەی چەند گەنجێک لە حەوشەی مەزگەوتی ئەقساوە بە بەرد هێرشیان کردووەوە سەر هێزەکانی پۆلیسی ئیسرائیل روویاندابوو، بەردەوامییان هەیە.
پۆلیسی ئیسرائیل لەکاتێکدا هەڵیانکوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا و بە فیشەکی پلاستیکی و بۆمبی دەنگی رووبەڕووی گەنجەکان بوونەوە، بەزۆر تەواوی نوێژخوێنانیان لە حەرەمی شەریف کردە دەرەوە.
پۆلیسی ئیسرائیل دوای ئەوەی نوێژخوێنانی کردەرەوە، بەرەو مزگەوتی قیبلی هێرشی کردە سەر گەنجەکان و چووە ناو مزگەوتەکەوە.
گوتەبێژی ئیدارەی وەقفە ئیسلامییەکانی قودس، فیراس دیبس ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت پۆلیسی ئیسرائیل دەچنە نێو مزگەوتی قیبلی لە ئەقسا و هێرش دەکەنە سەر فەڵەستیینیەکان.

- لانی کەم ٩٠ فەڵستینی بریندار بوون
بەپێی راگەیاندراوێکی مانگی سووری فەڵەستینی، هێزەکانی ئیسرائیل لە رێگەی بەکارهێنانی فیشەکی پلاستیکی و بۆمبی دەنگی لانی کەم ٩٠ هاووڵاتی فەڵەستینییان بریندارکردووە و بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەکانی ناوچەکە کراون.
لەلایەکی دیکەوە بەپێی راگەیاندراوێکی پۆلیسی ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکانەوە سێ پۆلیسی ئیسرائیلی برینداربوون.
چەند رۆژێک لەمەوبەر ڤیدیۆیەک لەلایەن جوولەکە دەمارگیرەکان بڵاوکرابووەوە کە تێیدا هەڕەشە دەکەن بەوەی لە جەژنی تایبەت بە خۆیان کە لەمڕۆوە دەست پێدەکات لە ئەقسا قوربانییەکانیان ئەنجام دەدەن.
هاوکات سەرکۆمار، سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل رایانگەیاندبوو رێگە بەو کارەی جوولەکە دەمارگیرەکان نادان و بەردەوام دەبن لە پارستنی ئاساییشی ئەقسا.