Şerife Çetin,Mohammed Baqi Hussein
27 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 27 ئادار 2019
ستراسبۆرگ - AA
سەرۆكی ئەنجوومەنی یەكێتیی ئەورووپا، دۆناڵد توسك رایگەیاند، پێویستە كراوەبن بۆ بژاردەی دواخستنی برێكسیت بۆ ماوەیەكی درێژ و گوتی: "ناتوانین ناپاكی لە شەش ملیۆن كەس بكەین كە واژوویان كردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی برێكسیت و یەک ملیۆن كەس كە بەشدارییان لە رێپێواندا كردووە. واتا ئەوانەی كە دەیانەوێت لە یەكێتیی ئەورووپادا بمێننەوە".
دۆناڵد توسك لە میانی ئەو دانیشتنەی لە چوارچێوەی كۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی ئەورووپا لە ستراسبۆرگ لەبارەی برێكسیت و لووتكەی سەركردەكانی یەكێتیی ئەورووپاوە بەڕێوەچوو، وتارێكی پێشكەشكرد و وەبیریهێنایەوە کە ئەنجوومەنی یەكێتیی ئەورووپا هەفتەی رابردوو رێككەوتنی ستراسبۆرگی پەسەندكردووە و داواكاریی بەریتانیای بۆ دواخستنی برێكسیت تاوتوێكردووە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی یەكێتیی ئەورووپا رایگەیاند، ئەنجوومەنی یەكێتیی ئەورووپا دوو سیناریۆی خستووەتە بەردەم بەریتانیا و ئەگەر ئەم هەفتەیە باڵی خوارەوەی پەرلەمانی بەریتانیا رێككەوتنی جیابوونەوە پەسەند بكات، برێكسیت لە 22ی ئایاردا ئەنجام دەدرێت، بەپێچەوانەوە تا 12ی نیسان كات بۆ بەریتانیا دادەنرێت.
دۆناڵد توسك جەختیشی كردەوە كە پێویستە بەریتانیا تا 12ی نیسان زانیاری بدات كە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپادا دەكات یان نا و گوتی: "12ی نیسان بۆ برێكسیت نزیكە. بەرلەو وادەیە بەریتانیا دەتوانێت یەكێك لە بژاردەكانی جیابوونەوە بە رێككەوتن، جیابوونەوە بەبێ رێككەوتن، دواخستنی برێكسیت بۆ ماوەیەكی درێژ یان هەڵوەشاندنەوەی برێكسیت، هەڵبژێرێت".
سەرۆكی ئەنجوومەنی یەكێتیی ئەورووپا، دۆناڵد توسك گوتیشی:
"ناتوانین ناپاكی لە شەش ملیۆن كەس بكەین كە واژوویان كردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی برێكسیت و یەک ملیۆن كەس كە بەشدارییان لە رێپێواندا كردووە. واتا ئەوانەی كە دەیانەوێت لە یەكێتیی ئەورووپادا بمێننەوە".