Heman Hussein Yaseen Yaseen
27 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2019
هەولێر - AA
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧/٣/٢٠١٩ بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڤاڵا فەرید، جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی و ژمارەیەک لە وەزیر و پەرلەمانتار و کۆنسول و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و ئەکادیمی و دکتۆر و مامۆستایانی زانکۆکانی ناوخۆ و بیانی، لە رێوڕەسمێکدا خەڵاتی دکتۆرای شانازیی زانکۆی سەڵاحەدین بەخشرایە پرۆفیسۆر د. کۆچەر بیرکار.
لە رێوڕەسمەکەدا سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی گوتەیەکی پێشکەشکرد و تیایدا وێرای بەخێرهاتنی میوانان، خۆشحاڵیی خۆی بۆ بەشداریکردن لەو رێوڕەسمەدا بۆ دوو ھۆکار گەڕاندەوە کە یەکەمیان بوونی دکتۆر کۆچەر بیرکار لە ھەرێمی کوردستان و دووەمیشیان گەڕانەوەیە بۆ بواری ژیانی شارستانیی ئاسایی کە ساڵانێکە بە ھۆی گرژییەکان و ئاڵۆزی و شەڕەوە کەمێک دوور کەوتبوونەوە.
لە گوتارەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی گوتی: "گەلی کوردستان لە ھەر شوێنێک بێت شانازی بەو کەسایەتییە زانستیانەوە دەکات کە دەتوانن لە بواری جۆراجۆردا ناوی کوردستان و کورد ببەنە پێشەوە و لە ناوەخۆشدا ببنە ھاندەری گۆڕانی بیر و ھزری کۆمەڵگە، ئـەمڕۆ پێویستیمان بە کەسانی لێھاتوو و زانای بوارەکانی زانستە کە بتوانن پەرە بە بیر و مێشکی مرۆڤ بدەن، بێگومان ئێمە دەزانین کە کۆچەر بیرکار، خۆی خۆی پێگەیاندووە و تەنیا بنەماڵەکەی پشتیوان و ھاندەری بوون تا گەیشتە ئـەوەی کە خەڵاتی ناوداری فیڵدز لە بواری زانستی ماتماتیکدا بەدەست بھێنێت. ئەمە ھـەر بۆ خۆی وانەیەکی دیکەیە بۆ لاوان کە دەبێت زیاتر پشت بە خۆیان ببەستن. بیانوو یان گلەیی، چارەسەری ھیچ کەموکوڕییەک ناکات. تەمەن دەڕوا و مێژوو دەڕوا و دەبێت سوود لە کات وەرگرین".
لە درێژەی قسەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٣٠ زانکۆ ھەیە کە ٧٠٠ ھەزار قوتابی و خوێندکار و ٨ هەزار دکتۆر و مامۆستا دەگرنە خۆیان. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرەڕای ھەموو کەموکوڕییەکی باری ئابووری، ھەردەم ئەولەوییەتی خۆی داوە بە پشتیوانی لە خوێندن".
نێچیرڤان بارزانی داوای لە سەرۆکایەتیی زانکۆ حکوومی و ئـەھلییەکان کرد ھەوڵی زیاتر بدەن ھەرێمی کوردستان ببێتە نموونەی پێشکەوتنی خوێندن و زانست، چونکە خەباتی راستەقینە و بەدیھاتنی خەونی باوک و باپیران تەنیا بە سووربوون و ماندووبوونی ئەوان لە پێناو فێربوون و زانستدا دێتە دی.
ئاشکرایشی کرد کە لە کۆندا، شان بە شانی سەرکردەی سیاسیی مەزن و ناودار، گەلێک زانا و رۆشنبیر و ھونەرمەندی گەورەش لەناو گەلی کورددا ھەڵکەوتوون و ناوی سەدانیان لەناو ئەو لاپەڕە مێژووییانەی زانست و کولتووریدا ھەیە کە بە زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی نووسراون و ئەمەشی بە بەشێک لە مێژووی ھاوبەشی گەلی کورد و گەلانی دەوروبەر زانی کە ئەو کات کوردستان خاوەنی ھیچ پێناسەیەکی سەربەخۆ نەبوو، بۆیە بەرھەمی زانا و بلیمەتەکانی کورد بێکەس دەمانەوە و دەکەوتنە لای گەلانی دیکە، بەڵام ئێستا کوردستان خاوەن و پێناسەی خۆی ھەیە و لە ریزی گەلاندایە و لە داھاتووشدا دەبێتە خاوەنی پێناسەی گەورەتر و دووپاتیکردەوە کە ئـەم ئەرکە ھەر سیاسەت نایکات و ھەر پێشمەرگەش شانی ناداتە بەر، بەڵکو زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانی کوردستان گۆڕەپانی پێشبڕکێی ژیار و شارستانیەتی سەردەم بەڕێوە دەبەن".
لە درێژەی گوتارەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان کرد بۆ ئـەو ھەموو زانکۆ و ئـەم ژمارە گەورانەی قوتابی و دکتۆر و مامۆستایان و بە پێشکەوتنێکی مەزنی ناسی، ھەروەھا سوپاسی وەزارەتی پەروەردەی کرد کە ھەوڵەکانیان دەست پێکردووە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان بتوانێت لە ساڵی ٢٠٢٢ـەوە لە ھەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتی بۆ خوێندنی ماتماتیک و زانستەکان بەشدار بێت کە ھەر چوار ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت و تیایدا ئاستی سیستمی پەروەردەیی دەردەکەوێت. لە کۆتایی قسەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی ھیوای سەرکەوتن و تەمەندرێژی بۆ پرۆفیسۆر دکتۆر کۆچەر خواست و رایگەیاند لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی پێشنیازی ئەوەیان کردووە لە یەکێک لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان ھۆڵێک بە ناوی پرۆفیسۆر د. کۆچەر بیرکارەوە بکرێت.
کۆچەر بیرکار، بیرکارێکی ھاوچەرخی کوردە کە لە ساڵی ١٩٧٨دا لە گوندی نێ سەر بە شارستانی مەریوان بە ناوی فەرەیدوون درەخشانی لەدایکبووە. بیرکار ئێستا لە زانکۆی کەمبریج پرۆفیسۆرە. لە ساڵی ٢٠١٨دا توانی گەورەترین خەڵاتی بیرکاریی جیھانی فیڵدز کە بە نۆبێلی بیرکاری ناسراوە دەستەبەر بکات.