Sangar Hamad Azeez,Ramal Abdullah Mahmood
18 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 19 ئاب 2017
بروکسل - AA
بەهۆی کردە تیرۆرییەکانەوە لە ئەورووپا لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە تاوەکو ئێستا بە سەدان کەس کوژراون، خوێناویترین رووداویش هێرشە تیرۆریستییەکەی مەدرید بوو بۆسەر سێ شەمەندەفەری جیا کە بەهۆیەوە ١٩١ کەس گیانیان لەدەستدا.
چالاکییە تیرۆریستییەکان لە ئەورووپا بەم دواییە رووبەرێکی فراوانی ناوچەکەی گرتووەتەوە، لە دوایین رووداویشدا دوێنێ لە ئاکامی سێ هێرشی تیرۆریستی بۆسەر شاری بارسێلۆنای ئیسپانیا ١٣ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٠٠ی دیکەش برینداربوون.
ئەو داتایانەی ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی کردە تیرۆریستییەکانی ١٣ ساڵی رابردوو دەستی خستوون بەم شێوەیە:
لە ١١ی ئاداری ٢٠٠٤دا سێ پەلاماری جیا بۆسەر سێ شەمەندەفەر لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا ئەنجام درا و بەهۆیەوە ١٩١ کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی دوو هەزاری دیکەش بریندار بوون.
لە ٧ی تەمووزی ٢٠٠٥دا چوار تیرۆریست لە شوێنێکی گشتی خۆیان تەقاندەوە و بەهۆیەوە ٥٦ کەس کوژران و ٧٠٠یش بریندار بوون.
لە ئاکامی تەقینەوەیەکیش لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج لە ٢٢ی تەموزی ٢٠١١دا، ٧٧ کەس کوژران و زیاتر لە ٢٠٠ی دیکەش برینداربوون.
لە ئاکامی هێرشی چەکداری بۆ سەر نووسینگەی رۆژنامەی چارلی ئیبدۆ لە پاریس لە رێکەوتی ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥، ١٢ کەس کوژران کە یەکێکیان پۆلیس بوو و ١١ کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە ئاکامی چەند هێرشێکدا لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ لە پاریس،١٣٠ کەس کوژران و ٣٦٨ کەس بریندار بوون. رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لەو زنجیرە هێرشە راگەیاند.
لە ٢٢ی ئاداری ٢٠١٦ش لە ئاکامی هێرشی خۆکوژی لە فڕۆکەخانەیەک و وێستگەیەکی میترۆ لە بڕۆکسلی پایتەختی بەلجیکا ٣٢ کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٧٠ کەسی دیکەش بریندار بوون. داعش بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەیشی لە ئەستۆ گرت.
لە ١٤ی تەمووزی ٢٠١٦ش لە رۆژی باستیللە کە گرنگترین جەژنی نیشتیمانی فەڕەنسایە تیرۆریستێکی داعش بە بارهەڵگر لە شاری نایس بەناو خەڵک کەوت و ٨٤ کەسی کوشت.
لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بارهەڵگرێک خۆی بەناو هاووڵاتیاندا کێشا و بووە هۆی گیان لەدەستدانی ١٢ کەس و برینداربوونی ٥٦ کەسی دیکە. ئەو ئەندامەی داعش کە بەو هێرشە هەڵستابوو دواتر لە پێکدادانێکدا لە ئیتاڵیا کوژرا.
لەو هێرشەی ٢٢ی ئایاری ٢٠١٧ کرایە سەر یانەیەکی شاری مانچستەری بەریتانیا ٢٢ کەس کوژران و ٥٩ی دیکەش بریندار بوون.
لە ٣ی حوزەیرانی ٢٠١٧، سێ کەس لە مارکێتی بۆرۆوغ لە لەندەن بە چەقۆ هێرشیان کردە سەر خەڵک و لە ئاکامدا هەشت کەس کوژران و ٤٨ی دیکەش بریندار بوون.
لە ١٧ی ئابی ٢٠١٧ لە شاری بارسێلۆنای ئیسپانیا پاسێک بەناو خەڵک کەوت لە ئاکامدا ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا و ٨٠ کەسی دیکەش بریندار بوون. داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٤ خوێناویترین هێرش بوو بۆ سەر ئیسپانیا.