Gökçe Karaköse
31 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2025
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "پشتیوان بەخودا بە گرنگییدان بەو سیاسەتانەی قەرەبووی زیانی خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانمان دەکەنەوە و هێزی کڕین زیاد دەکەن، بە شوێنی باشتر دەگەین. لە ساڵی ٢٠٢٥یشدا پێداگرانە بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی هەلپەرستان کە بە بەرزکردنەوەی نرخەکان بەتایبەتی خانووبەرە و کرێ و خۆراک چاویان بڕیوەتە نانی گەل".
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە بەبۆنەی ساڵی نوێ بڵاویکردەوە، سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد بە ئومێد و چاوەڕوانی و خەونی نوێوە پێشوازیان لە ساڵی ٢٠٢٥ کردووە، هیوایشی خواست ساڵی نوێ ببێتە مایەی خێر بۆ وڵات، گەل، دڵی جوگرافیاکە و هەموو مرۆڤایەتیی.
سەرکۆمار ئەردۆغان یادی گشت شەهیدانی کردەوە و سوپاسی جەنگاوەرانی کرد و، ڕایگەیاند: "هەنگاوی پێداگرانە هەڵدەنێین بۆ ئەوەی لە قۆناغی ئایندەدا دیدگامان بۆ تورکیای بێ تیرۆر و ناوچەی بێ تیرۆر بکەینە ڕاستیی. هەموو جۆرە هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە ئاسانی و نیاز باشی دوولایەنی و تێگەیشتن بەڕێوەبچێت کە دەبێتە هۆی کردنەوەی ڕێگایەکی نوێ لە بەردەم وڵاتەکەماندا. سڵناکەینەوە لە بەکارهێنانی مستەکۆڵەی ئاسنین لە کاتی پێویستدا".
ڕاشیگەیاند: "هەموو پشتیوانییەکی پێویست دەستەبەر دەکەین بۆ ئەوەی سەردەمی نوێ لە سووریا ببێتە مایەی بەدیهاتنی ئاشتی درێژخایەن، ئارامیی، سەقامگیریی و خۆشگوزەرانی ئابووریی. پێموایە لەگەڵ بەدیهاتنی سەقامگیریی لە سووریا گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئەو پەنابەرە سوورییانەی ١٣ ساڵە لە دووری وڵات دەژین ئاسانتر دەبێت".
سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر درێژەدان بە هەوڵەکانیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین کردەوە و، ڕایگەیاند: "لە ساڵی ٢٠٢٥یشدا بە هەموو توانامانەوە کار دەکەین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئازاد و خاوەن سەروەريدا و یەکپارچەی خاکی فەڵەستین لەسەر بنەمای سنوورەکانی ١٩٦٧ کە پایتەختەکەی قودسی ڕۆژهەڵات بێت".
گوتیشی: "هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر دەدەین بۆ کۆتاییهێنان بەو کۆمەڵکوژییانەی ١٥ مانگە لە غەززە و خاکەکانی دیکەی فەڵەستین درێژەیان هەیە، بۆ بنیاتنانی ئاشتیی تیایاندا".