Ramal Abdullah Mahmood
07 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 08 نیسان 2017
سکرتێری گشتی ناتۆ یانس ستۆڵتەنبەرگ لەبارەی کردنە ئامانجی بنکەی سەربازیی ئاسمانی رژێمی ئەسەد لەلایەن ئەمریکاوە رایگەیاند تەواوی بەرپرسیارێتی ئەو پێشهاتە لە ئەستۆی رژێمی سووریایە، هیچ کات بەکارهێنانی چەکی کیمیایی مایەی قبوڵ کردن نییە و دەبێت ئەنجامدرەرانی بەرپرسیارێتییەکەی لەئەستۆ بگرن و وەڵامیان بدرێتەوە.
ستۆڵتەنبەرگ لەبارەی کردنە ئامانجی بنکەی سەربازی ئاسمانی شەعیراتی هێزەکانی رژێم لەلایەن ئەمریکاوە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە دا دوای هێرشی رژێم بە شێوەیەکی ترسناک بە چەکی کیمایی کە بووە هۆی گیانلەدەستنی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان کە لە نێویاندا ژن و منداڵ هەن، ئەمریکا ئە وبنکەیەی کردە ئامانج کە هێرشەکەی لێوە ئەنجام درابوو و بەرپرسیاری تەواوی ئەم پێشهاتانەش لە ئەستۆی رژێمی سووریایە.
ستۆڵتەنبەرگ ئاماژەی بەوە دا ئەوان بە بەردەوامی رژێمی سووریایان ئیدانە کردووە بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیمایی و پێشێلکردنی رێککەوتن و نۆرمە نێودەوڵەتییەکان، نووسیوویەتی: "هیچ کات بەکارهێنانی چەکی کیمیایی مایەی قبوڵ کردن نییە و دەبێت ئەنجامدرەرانی بەرپرسیارێتییەکەی لەئەستۆ بگرن و وەڵامیان بدرێتەوە. ناتۆ بەکارهێنانی چەکی کیمایی وەک هەڕەشە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان دەبینێت".
سکرتێری گشتیی ناتۆ، پشتگیری خۆی بۆ هەموو هەوڵ و کۆششە نێودەوڵەتییەکان دەربڕی بۆ بەدیهێنانی چارەسەری سیاسیی و ئاشتی لە سووریا.