Haydar Şahin
24 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 27 مای,س 2024
تاران - AA
سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئەنجامی بەرایی سەبارەت بەو لێکۆڵینەوەیە بڵاوکردەوە کە دوای کەوتنەخوارەوەی ئەو هێلیکۆپتەرەی سەرکۆماری وڵاتەکە، ئیبراهیم ڕەئیسی و وەزیری دەرەوە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و بەرپرسانی دیکەی تێدابوو و، بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فەڕمی ئێران IRNA، سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ڕاپۆرتی بەرایی لیژنەکەی بڵاوکردەوە کە لە ڕەهەند و هۆکاری ڕووداوەکەی کۆڵیوەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە زانیاری و بەڵگە لە بواری تەکنیکی و بە شێوەیەکی گشتیی لەسەر ڕووداوەکە کۆکراوەتەوە، باس لەوەیش کراوە کە پێویست بە کاتی زیاتر دەکات بۆ هەڵسەنگاندنی هەندێک داتا.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێلیکۆپتەرەکە ئەو ئاڕاستەیەی پێشتر بۆی دیاریکراوە نەگۆڕیوە و بەردەوام بووە لەسەری و، خولەک و نیوێک پێش ڕووداوەکە فڕۆکەوانەکەی لەگەڵ فڕۆکەوانی دوو هێلیکۆپتەرەکەی دیکە پەیوەندی بەستووە، لەو گفتوگۆیانەشی بورجى چاودێرى لەگەڵ تیمی فڕۆکەوانییەکەدا ئەنجامیداون هیچ دۆخێکی گوماناوی بەدینەکراوە.
هەر لەو ڕاپۆرتە بەرایییەدا باس لەوە کراوە کە شوێنەواری گوللە یان تەنی هاوشێوە لە پارچەکانی هێلیکۆپتەرە تێکشکاوەکەدا بەدینەکراوە، هێلیکۆپتەرەکە دوای کەوتنەخوارەوەی گڕی گرتووە، سەختی ناوچەکە، سەرما و بوونی تەمێکی چڕ لە هۆکارەکانی درێژە کێشانی پرۆسەی گەڕان و ڕزگارکردن بوون.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەشدا باس لەوە کراوە کە لە پاش کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکە ئەنجامی کۆتایی بڵاودەکەنەوە.