Dmitri Chirciu,Baybars Can
18 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 19 شوبات 2024
مۆسکۆ ــ AA
وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو ڕایگەیاند کە سوپای وڵاتەکەی، شاری ئەڤدییڤکا سەربە ناوچەی دۆنێتسک باشووری ئۆکراینای کۆنترۆڵ کردووە.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا، سێرگی شۆیگو لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە کرملین کۆبووەتەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا سێرگی شۆیگو، ڤلادیمیر پوتین-ی لە وردەکاری کۆنترۆڵکردنی شاری ئەڤدییڤکا لەلایەن سوپای ڕووسیاوە ئاگادار کردووەتەوە.
باسی لەوەش کردووە لە کۆبوونەوەکەدا، ھەروەھا وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو ڕایگەیاندووە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ھەزار و ٥٠٠ سەربازی ئۆکراینا لە شاری ئەڤدییڤکا، کوژراون.
ڕۆژی ٢٤ی مانگی شوباتی ٢٠٢٢، ھێرشی سەربازیی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا دەستی پێ کرد کە تا ئێستا بەردەوامە.
لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٢دا، سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بەڵگانەمەیەکی لەبارەی لکاندنی چوار ناوچەی ئۆکراینا کە برتیین لە دۆنێتسک، ڵوھانسک، خێرسۆن و زاپۆریژییا بە خاکی رووسیاوە واژوو کرد.
ئەم ھەنگاوەی ڤلادیمیر پوتین، لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە بەتوندی سەرکۆنە کرا.