Zana Natık Kerem
06 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 07 ئاب 2018
جاکرتا ــ AA
ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ئاکامی ئەو بوومەلەرزەیەی کە دوێنێ یەکشەممە، دوورگەی لۆمبۆک رۆژھەڵاتی ئیندۆنێزیای ھەژاندبوو گیانیان لەدەستداوە، بۆ ٩١ کەس بەرزبوویەوە و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە، ٣٠٠ کەس.
لە بەیاننامەیەکدا گوتەبێژی ئاژانسی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکان، سۆتۆبۆ پۆرۆ رایگەیاندووە ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ئاکامی بوومەلەرزەکەی دوێنێ یەکشەممە گیانیان لەدەستداوە بۆ ٩١ کەس بەرزبووەتەوە و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ٣٠٠ کەس.
سۆتۆبۆ پۆرۆ ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو ناوچانەی کە زیاتر بە ھۆی بوومەلەرزەکە زیانیان بەرکەوتووە، رۆژھەڵات و باکووری دوورگەی لۆمبۆک لەگەڵ بەشێک لە شاری ماتارامن، ھەروەھا باسی لەوەشکردووە کە پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزە بەرزببێتەوە.
گوتەبێژی ئاژانسی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکان روونیکردەوە، پڕۆسەی خوێندن لەو ناوچانەی کە بوومەلەرزەکە تیایدا روویانداوە تا کاتێکی نادیار راگیراوە.
دوێنێ یەکشەممە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧ پلە بەپێوەری رێختەر دوورگەی لۆمبۆک باشووری ئیندۆنێزیای ھەژاندبوو کە بە قوڵایی ٥٠ کیلۆمەتر لەژێر زەوی روویدابوو.