جنێڤ
کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانUNCHR ی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان روونیکردووەتەوە بەھۆی بەردەوامبوونی توندوتیژیی و نائارامی لە سوریا، ئاوارەبوونی خەڵکی ئەو وڵاتە بەردەوامەو لەھەشت مانگی ئەمساڵدا رێژەی ھەڵاتووان گەیشتووەتە ملیۆنێک و ٨٠٠ ھەزار کەس.
ساڵی رابردوو٢٣٠ ھەزارو٦٧١ کەس لەو وڵاتە بەناچاری سوریایان جێھێشتووەو لەوڵاتانی دراوسێ وەکو (تورکیا، ئوردن، ھەرێمی کوردستانی عێراق) لەکەمپی تایبەتدا نیشتەجێکراون.
کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانUNCHR رایگەیاند: تا ئێستا ژمارەی ھەڵاتووان لەسوریا گەیشتووەتە زیاتر لەدوو ملیۆن کەس و رۆژ بەڕۆژ ئامارەکە زیاد دەکات بۆیە بانگەوازیکرد لەوڵاتانی دنیا تا بەشێوەیەکی خێرا کۆمەک و یارمەتی بگەیەننە پەنابەرانی سوریا.
نوێنەری تایبەتی UN بۆ پەنابەران و ئەکتەری بەنێوبانگی جیھانی(ئەنجێلینا جۆلی) لەبارەی ئاوارەبووانی سوریا گوتی " بە ھۆی بەردەوامی شەڕی ناوخۆی سوریا ژمارەی پەنابەران لە زیادبووندایە، بەمەش وڵاتانی ھاریکاری پەنابەران خەریکە پرزەیان لێ دەبڕێ چونکە رۆژانە ٥ ھەزار کەس لەو وڵاتە ئاوارە دەبن و دوو ساڵە ئەو کارەساتە درێژەی ھەیە. پێویستە یارمەتییە مرۆییەکان زیادبکرێن".
جۆلی ھەروەھا رایگەیاند: لەدوو رۆژی داھاتوو لەبارەگای UN بۆ کاروباری پەنابەران کۆبونەوەیەک ساز دەکرێ و نوێنەری ھەر یەکە لەوڵاتانی (تورکیا، ئوردن، لوبنان، عێراق) ئامادە دەبن.
بە بەرزبوونەوەی ژمارەی ھەڵاتووان لەسوریا بۆ دوو ملیۆن کەس، بووە گەورەترین تراژیدیای مرۆیی ئەم سەردەمە.