Muhammet Ali Kemal
02 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2016
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیربی کاردانەوەی بەرامبەر بەگوتەکانی وەزیری بەرگریی رووسیا نیشاندا سەبارەت بە مانەوەی هیوای دەستپێکردنی پرۆسەی سیاسیی بۆ ماوەیەکی نادیار لەسووریا و جەختی لەوەکردەوە ئەوان نایانەوێت بەشار ئەسەد لەداهاتووی سووریادا رۆڵی هەبێت.
جۆن کیربی لەکۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا هەڵسەنگاندنی بۆ گوتەکانی وەزیری بەرگریی رووسیا سێرگی شۆیگو کرد کە رایگەیاندبوو ''هیوای دەستپێکردنی پرۆسەی سیاسیی لەسووریا و گەڕانەوەی گەلانی ئەو وڵاتە بۆ کەشی ئارامیی تا ماوەیەکی نادیار دواخراوە''.
کیربی ئاشکرایکرد ئەو بەتەواوەتی نازانێت وەزیری بەرگریی رووسیا مەبەستی لەو روونکردنەوەیە چییە و گوتی: ''ئێمە پێمان وانییە کۆبوونەوەکان وەک ئەوەی رووسیا ئاماژەی پێدەکات بۆ ماوەیەکی نادیار دواخرابن و ناشمانەوێت ئەسەد لە دوورمەودادا بەشێک بێت لە داهاتووی سووریا''.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیربی لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی راتان چییە سەبارەت بەوەی ئەسەد دەیەوێت تا ساڵی 2021 لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئاماژەی بەوەکرد ئەوان هەڵسەنگاندنەکانی بەشار ئەسەدیان خوێندووەتەوە و بۆ دووبارە دەستکردنەوە بەکۆبوونەوەکانی نێوان رژێم و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش لەهەوڵەکانیان بەردەوامن.
وەزیری بەرگریی رووسیا سێرگی شۆیگو لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسە سەربازییە باڵاکانی وڵاتەکەیدا باسی لەوەکردبوو ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریادا مەحاڵە.