Ramal Mahmood
02 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2016
مووسڵ - AA
تۆڕی راگەیاندنی جەنگی وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند کە لەئاکامی هێرشە ئاسمانییەکان لەمیانی ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکردنی مووسڵ، زیاتر لە ١٠٠ چەکداری داعش کوژراون.
تۆڕی راگەیاندنی جەنگی وەزارەتی بەرگری عێراق لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوە داوە کە دوای بەدەستگەیشتنی زانیاری هەواڵگری لە شاری مووسڵەوە پێنج بنکە و بارەگای داعش بە فڕۆکەی F16 بۆردومان کراون.
راگەیەنراوەکە ئەوەی خستووەتەڕوو کە لە ئاکامی هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر هۆتێلی نەینەوا ئۆبرۆی لەناو شاری مووسڵ ٦٧ چەکداری داعش کوژراون. لەئاکامی کردنە ئامانجی ناوچە دارستانەکانیش ٢٩ چەکدار کوژراون و ٢٥ چەکداری دیکەش بریندار بوون. لە ئاکامی دوو هێرشیش بۆسەر جبەخانەی چەک و تەقەمەنی و بنکەیەیەکی سەربازی داعش دەیان چەکدار کوژراون و ١٥ چەکداری دیکەش بریندار بوون.
ئەفسەر لە فیرقەی 15ی سوپای عێراق، جەبار حەسەن لە لێدوانێکیدا بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە لە پێشڕەویدان بەرەو مووسڵ و زانیاری ئەوەیشیان بەدەست گەیشتووە کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش سەدان کەسی دەستبەسەرکردووە و وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکاریان دەهێنێت.
جەبار حەسەن ئاماژەی بەوەدا کە چاوەڕێی ئەوەیان نەدەکرد ئەو پێشڕەوییانەی پلانیان بۆ داناون ئەمڕۆ لە سەنگەرەکانی رۆژهەڵات، باشوور و رۆژئاوا بێنە دی و گوتی: "چەکدارانی داعش چەک و تەقەمەنییەکانیان بەجێهێشتووە و پاشەکشەیان کردووە بۆ ناو مووسڵ، بەڵام دووچاری کێشەی ئەوە دەبین کە چەکدارانی داعش هاووڵاتییانی مەدەنی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنن. ئەم رەوشە ئاستەنگ لەبەردەم پێشڕەوییەکان دروست دەکات".
فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی شیعە، ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس-ش ئەوەی خستەڕوو کە لە سەنگەری رۆژئاوای مووسڵ دوای ئەوەی چەکدارانی داعش گورزی گورچکبڕیان بەرکەوت لەو ناوچانە بەرەنگاری هێزەکانمان بوونەوە. سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا کە ئامانجیان ئەوەیە بۆ رزگارکردنی تەواوەتی تەلەعفەر هێڵی نێوان تەلەعفەر و مووسڵ بپچڕێنن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی لە ١٧ی تشرینی یەکەمی رابردوو دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ راگەیاند.