Muhammet Ali Kemal
10 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2016
پاریس- AA
سەرکۆماری فەڕەنسا، فرانسوا ئۆلاند کاردانەوەی بەرامبەر ڤیتۆکردنی پرۆژە یاسای وەستاندنی پێکدادانەکانی ناو شاری حەلەب وکۆتاییهێنان بە فڕینی فڕۆکە جەنگییەکان لەسەر ئاسمانی شارەکە، لەئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لەلایەن رووسیاوە، نیشاندا.
فرانسوا ئۆلاند لەلێدوانێکی بۆ کەناڵی TF1 بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوەکرد دوای ڤیتۆکردنی پرۆژە بڕیارەکە لەلایەن رووسیاوە پەشیمانە لەوەی لە 19ی ئەم مانگەدا لە پاریس میوانداریی سەرۆکی ئەو وڵاتە ڤلادیمیر پوتین دەکات و پەیامی ئەوەیدا کە چیتر ئەم سەردانە مانایەکی ئەوتۆی نییە.
ئۆلاند سەبارەت بە کۆبوونەوەی لەگەڵ پوتیندا رایگەیاند: ''لەئێستادا لەخۆم دەپرسم، ئایا ئەمە سوودێکی دەبێت؟ ئایا کۆبوونەوەکە پێویستە؟ ئایا دەکرێت ئەمە ببێتە ئامرازێکی فشار؟ ئایا ئێمە دەتوانین ئەو کارەی رووسیا لەگەڵ رژێمی سووریا دەیکات و لەحەلەب بۆردومانی هاووڵاتییانی سڤیل دەکەن، بوەستێنین؟''.
سەرکۆماری فەڕەنسا باسی لەوەشکرد کە بێگومان لەگەڵ پوتیندا کۆدەبێتەوە و لە کۆبوونەوەیاندا باسی ئەو کارەساتە دەکەن کە لەحەلەب هەیە.
فرانسوا ئۆلاند رایگەیاند: ''کە ڤلادیمیر پوتینم دی پێی دەڵێم کە ئەمە مایەی قبووڵکردن نییە و تەنانەت دەبێتە هۆی درووستکردنی کێشەی گەورە بۆ ناوبانگی رووسیا''.
ئۆلاند جەختی لەوەکردەوە لەحەلەب هاووڵاتییانی سڤیل دەبنە قوربانیی فڕۆکە جەنگییەکان و ئەو کەسانەی ئەم تاوانەش ئەنجامدەدەن لە دادگای باڵای نێودەوڵەتیی تاوانەکان بەسزای خۆیان دەگەیەنرێن.