Mohammed Hamood Ali Al Ragawi
22 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2024
ئیستانبوڵ ــ AA
جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کامالا ھاریس بەڵێنی دا كە لە بەربژێریکردنی لەلایەن دیموکراتەکانەوە بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا سەركەوتنی بەدەست بھێنێت بەسەر بەربژێری کۆمارییەکان، دۆناڵد ترەمپ-دا.
دوێنێ یەكشەممە سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری دیموکراتەکان، جۆ بایدن کشانەوەی خۆی لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا ڕاگەیاند، ھەروەھا پاڵپشتی خۆی بۆ بەربژێری دیموکراتەکان، کامالا ھاریس دەربڕی.
لەوبارەیەوە کامالا ھاریس لە ڕاگەیاندراوێکدا، بڕیارەکەی جۆ بایدنی لەبارەی کشانەوەی لە کێبڕکێی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بە "نیشتمانی پەروەری" لەقەڵەمداوە و ڕایگەیاندووە: "ستایشی ئەو بڕیارە نیشتمان پەروەرانەی جۆ بایدن دەکەم و خۆشحاڵ بووم بەوەی پاڵپشتیم لێ دەکات".
ناوبراو بەڵێنیشداوە کە لە بەربژێریکردنی لەلایەن دیموکراتەکانەوە بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا سەركەوتنی بەدەست بھێنێت بەسەر بەربژێری کۆمارییەکان، دۆناڵد ترەمپ-دا.
باسی لەوەشکردووە: "بەدرێژایی ساڵی ڕابردوو، بە سەرانسەری وڵاتدا گەڕاوم و بەڕوونی قسەم لەگەڵ ئەمریکییەکان کردووە سەبارەت بەو ھەڵبژاردنە گرنگە، ئەمە ئەو شتەیە کە من لە ڕۆژان و ھەفتەکانی داھاتوو بەردەوام دەبم لەسەری ".
ڕاشیگەیاندووە: "ھەموو ھەوڵێک دەدەم بۆ یەکخستنی پارت و گەلەکەمان لە پیناو شکستپھێنانی دۆناڵد ترەمپ و ئەجێندا توندئاژۆکەی".
ئەوەشی خستووەتەڕوو: "تا ڕۆژی ھەڵبژاردن، ١٠٧ ڕۆژمان لە بەردەمدا ماوە و پێکەوە دەجەنگین و سەردەکەوین".
بڕیارە لە ڕۆژی ٥ی تشرینی دووەم ئەمساڵ، ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا ئەنجام بدرێت.