Esat Fırat
06 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2021
قودس - AA
سەربازانی ئیسرائیل لە باکووری کەناری خۆرئاوای داگیرکراو، هاووڵاتییەکەی فەڵەستینییان کوشت بەتۆمەتی ئەوەی هەوڵیداوە بە ئۆتۆمبێل هێرش بکاتە سەر خاڵێکی سەربازیی ئیسرائیل.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن بەشی خزمەتگوزاری هاوکاریی بەپەلەی ئیسرائیل، ئەستێرەی سووری داود-ەوە بڵاوکراوەتەوە، بانگەشەی ئەوە کراوە کە لە خاڵی پشکنینی سەربازیی تەنیم (جەببارە) کە دەکەوێتە نێوان شارەکانی تولکەرم لە کەناری خۆرئاوا و تەیبەی ئیسرائیل، فەڵەستینیەک هەوڵیداوە بە ئۆتۆمبێل هێرش بکاتە سەر خاڵەکە.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لەو رووداوەدا، کارمەندێکی ئەمنیی ئیسرائیل بە قورسی برینداربووە و دوای چارەسەری سەرەتایی رەوانەی نەخۆشخانە کراوە، فەڵەستینییەکەش کوژراوە.
هێشتا لایەنی فەڵەستینی روونکردنەوەی سەبارەت بە رووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە و ناسنامەی ئەو فەڵەستینیەش ئاشکرا نەکراوە کە کوژراوە.
ئێوارەی رۆژی شەممە، هێزەکانی ئیسرائیل لە قودسی خۆرهەڵات گەنجێکی تەمەن ٢٥ ساڵانی فەڵەستینییان بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی هێرش بە چەقۆ، کوشت.
لە کاتێکدا هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە پێشێلکارییەکانیان بەرامبەر فەڵەستینییەکان بەتۆمەتی ئەنجامدانی ''هێرشکردن بە چەقۆ'' یان ''هێرشکردن بە ئۆتۆمبێل''، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ-یش ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن بە کوشتنی فەڵەستینییەکان.