Bayram Altuğ
10 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2022
جنێڤ - AA
کۆبوونەوە ئەمنییەکانی نێوان ئەمریکا و رووسیا بە سەرۆکایەتی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، وێندی ئاڕ. شێرمان و جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی ریباکۆڤ لە شاری جنێڤ رۆژئاوای سویسرا دەستی پێ کرد.
کۆبوونەوەکە کاتژمێر ١٠:٥٥ بەکاتی هەولێر لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری جنێڤ دەستی پێ کرد.
لە کۆبوونەوەی نائاسایی دیالۆگی سەقامگیریی ستراتیجیی (SSD)دا کە دیپلۆماتکارانی باڵای هەردوو وڵات بەشدارن، چاوەڕوان دەکرێت بابەتەکانی وەک پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، کێشەی ئۆکراینا، فراوانبوونی ناتۆ بەرەو خۆرهەڵات، کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی و تۆمەتەکانی سایبەریی تاوتوێ بکرێن.
دوا بە دوای کۆبوونەوەکە لایەنەکان لە کاتژمێر ١٩:٣٠ەوە بەکاتی هەولێر بە جیا کۆنگرەی رۆژنامەوانیی ساز دەکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس رایگەیاندبوو کە ئێوارەی دوێنێ جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، وێندی ئاڕ. شێرمان لە شاری جنێڤ رۆژئاوای سویسرا لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی ریباکۆڤ کۆبووەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە ١٦ی حوزەیراندا لە جنێف کۆبوونەوە و هەردوو سەرکردەکە بڕیاریاندا لەبارەی درێژەدان بە دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی بابەتە جێ نانۆکەکان.
رووسیا و ئەمریکا ئەمڕۆ لە جنێڤ ژمارەیەک بابەت تاوتوێ دەکەن و رۆژی ١٢ی کانوونی دووەمیش لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی ناتۆ-رووسیادا کۆدەبنەوە.