Dildar Baykan
29 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 29 حوزەیران 2021
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە کۆشکی سپی پێشوازی کرد لە سەرۆکی ئیسرائیل، رئۆڤین ریڤلین کە لە نۆی تەمووزدا کۆتایی بە ئەرکەکەی دێت.
لە دیدارەکەدا، جۆ بایدن جارێکی دیکە پشتیوانی پتەوی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل دووپات کردەوە.
جۆ بایدن و رئۆڤین ریڤلین پێش کۆبوونەوەکەی کۆشکی سپی کە بە داخراوی بەڕووی راگەیاندندا بەڕێوەچوو لە نووسینگەی ئۆڤاڵ بۆ رۆژنامەنووسان دوان.
سەرۆکی ئەمریکا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بۆ پێشوازیکردن لە سەرۆکی ئیسرائیل، رئۆڤین ریڤلین کە لە نۆی تەمووزدا کۆتایی بە ئەرکەکەی دێت وەک سەرۆکی ئەو وڵاتە، ئەوەشی خستەڕوو کە بە نیازە لە کاتێکی نزیکدا پێشوازی بکات لە سەرۆکوەزیرانی نوێی ئیسرائیل، نافتالی بێنێت.
گوتیشی: ''وەک سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنمان بۆ ئیسرائیل دڵنیا و راستییە، وەک هەمیشە گوتوومە ئەگەر ئیسرائیلێک نەبووایە، ئەوا ئێمە دانەیەکمان دادەمەزراند''.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن لە مافی بەرگریی رەوای ئیسرائیل و گوتی: ''ئەمڕۆ زۆر بابەت تاوتوێ دەکەین بە ئێران-یشەوە، دەتوانم بڵێم کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی مندا، هەرگیز ئێران ناتوانێت ببێت بە خاوەن چەکی ئەتۆمی''.
جۆ بایدن ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە هێزەکانی ئەمریکا شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە، هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە سنووری عێراق-سووریا و گوتی: ''وەک دەزانن شەوی پێشووتر فەرمانم کرد بە هێرشی ئاسمانیی بۆ ئەو شوێنانەی لەلایەن گرووپە میلیشیاکان بەکاردەهێندرێت کە ئێران پشتیوانیان دەکات و بەرپرسن لە دوایین هێرشی سەر سەربازانی ئەمریکا لە عێراق، ئەوەشم بە پشت بەستن بەو دەسەڵاتە ئەنجامدا کە دووەمین ماددەی دەستوور پێی بەخشیوم''.
سەرۆکی ئەمریکا، جۆن بایدن هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەمریکا پشتیوانی تەواو دەکات لە پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دەخوازن لە ناوچەکەدا، ئاشتیی و سەقامگیری گەورەتر بەر قەرار بکەن.