Muhammet Ali Kemal
14 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 15 حوزەیران 2016
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ: ''ژمارەیەک رێوشوێنی جۆراوجۆری ئەمنیی دەگرینە بەر لەبەر تورکیا، کە بەشێکیان بریتین لە فڕینی (Awacs)ەکان بەمەبەستی چاودێریکردن، سیستمی پاتریۆتی ئیسپانی، کەشتییەکانی ناتۆ لە دەریای ناوەڕاست و سیستمی دژە مووشەکی ئیتاڵی''.
ستۆڵتنبێرگ لە کاتی چوونە ژوورەوە بۆ بارەگای ناتۆ لە بڕۆکسل، لێدوانی سەبارەت بە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری پەیمانی ناتۆ دا.
یانس ستۆڵتنبێرگ ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە چەند هەفتەیەکی دیکە لووتکەی ناتۆ لە وارشۆ بەڕێوەدەچێت و رایگەیاند ''وڵاتانی ئەندام لە پەیمانەکەمان لە خۆرهەڵات و باشوورەوە تووشی ئاستەنگی ئەمنیی زۆر گەورە بوونەتەوە. لە لووتکەکەدا بڕیاری بەرزکردنەوەی ئاستی بەرگریمان لە هەموو روویەکەوە دەدرێت''.
سکرتێری گشتیی ناتۆ راشیگەیاند ''رێکدەکەوین لەسەر ئەوەی چوار تیمی بەهێزی فرە نەتەوە بەشێوەیەک کە شوێنگۆڕکێ بکەن، لەهەریەک لە ئیستۆنیا، لیتوانیا، لیتڤانیا و پۆڵەندا جێگیربکرێن''.
ستۆڵتنبێرگ ئاشکرای کرد بڕیارە کار لەسەر خێراکردنی جووڵەی هێزەکانی ناتۆ لە ئەورووپا بکرێت و میکانیزمەکانی بەرگری ئەلیکترۆنیی بەهێز بکرێن.
خۆشحاڵی پەیمانەکەی بە دانانی سیستمی دژە مووشەک لەلایەن ئیتاڵیاوە لە تورکیا دەربڕی و رایگەیاند ''ئەمە مانای ئەوەیە کە ناتۆ پشتیوانیی هەموو هاوپەیمانەکانێتی. هەر لە ئێستاوە ناتۆ دەستی کردووە بە گرتنەبەری ژمارەیەک رێوشوێنی ئەمنیی''.
یانس ستۆڵتنبێرگ ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە تورکیا لە باشوورەوە لەگەڵ نائارامی و توندوتیژیی دراوسێیە و رایگەیاند ''هەربۆیە ژمارەیەک رێوشوێنی جۆراوجۆری ئەمنیی دەگرینە بەر لەبەر تورکیا، کە بەشێکیان بریتین لە فڕینی (Awacs)ەکان بەمەبەستی چاودێریکردن، سیستمی پاتریۆتی ئیسپانی، کەشتییەکانی ناتۆ لە دەریای ناوەڕاست و سیستمی دژە مووشەکی ئیتاڵی''.