Mazın Asad
25 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 27 کانوونی دووەم 2017
سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەورووپا یان کلود یانکەر و سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا تۆنی بلێر کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە لە نووسینگەی یانکەر بەڕێوە چوو و تێدا تاوتوێی ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی ئەورووپا و بەریتانیا کرا.
کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە کە دوێنێ دادگای دەستووری بەریتانیا لەبارەی دەستپێکردنی قۆناغی جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەورووپا، داوایکرد کە حکوومەت مۆڵەت لە پەرلەمان وەربگرێت.
سەرەڕای ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو بەریتانیا لە گشتپرسییەکدا بڕیاری جیابوونەوەی بەریتانیای لە یەکێتی ئەورووپا دا، بەڵام تاوەکو ئێستا ماددەی ٥٠ی رێککەوتننامەی لیزبۆن کە قۆناغەکە دەستپێدەکات، جێبەجێ نەکراوە.
بەرپرسانی یەکێتی ئەورووپا ماوە ماوە داوای دەستپێکردنی قۆناغی جیابوونەوە لە بەریتانیا دەکەن و لە بەرامبەردا سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا تێریسا مای ئاشکرای کردبوو کە مانگی ئادار دەست بە جێبەجێکردنی قۆناغەکە دەکەن.