Hemn Baban
26 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 27 کانوونی دووەم 2017
ھەولێر-AA
ھێشتا نزیکەی ١٠ بیرە نەوتی گەیارە دەسووتێن و دووکەڵی ئەو ئاگرانەی داعش لە بیرەکانی ھەڵگیرساند دوای تەقاندنەوەیان بە بۆمبی چێنراو لە دووری دەیان کیلۆمەترەوە دەبینرێت، کارمەندێکی کۆمپانیای نەوتی باکوور کە لەگەڵ ھاوەڵەکانیدا لەوێ سەرقاڵی کوژاندنەوەی بیرێکی گڕگرتوو بوو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تا ئێستا ١٣ بیرمان کوژاندووەتەوە و ١١ی دیکەش ماون".
گەیارە، گەورەترین ناحییەکانی پارێزگای نەینەوا پێش کۆنتڕۆڵکردنەوەی لەلایەن ھێزەکانی عێراق پێش پێنج مانگ لەمەوبەر چەکدارانی داعش زیاتر لە ٢٠ بیرە نەوتیی ئەو ناوچەیەیان بۆمبڕێژکرد و تەقاندییاننەوە، لەوێ کاتەوە وەزارەتی نەوتی عێراق و حکوومەتی عێراقیش سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئەو بیرە نەوتییانەن کە سەدان ملیۆن دۆلار زیانییان بە عێراق گەیاندووە.
ئێستا کۆمپانیای نەوتی باکوور لەگەڵ چەند لایەنێکی دیکە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەن کە دووکەڵێکی زۆر چڕی لە ئاسماندا بڵاوکردووەتەوە و پێنج مانگە بەو شێوەیە بەردەوامە، یەکێک لەو کارمەندانەی لەنزیک شارۆچکەکە لەسەر یەکێک لە بیرەکان سەرقاڵی کاری کوژاندنەوە بوو، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە تا ئێستا نزیکەی ١٣ بیرە نەوتیی گڕگرتوومان گوژاندووەتەوە لەوانەی داعش تەقاندییانەوە، بەڵام ھێشتا ١١ بیرە نەوتی ماوە کە ھەر دەسووتێن".
ئەو کارمەندە کە لەگەڵ چەندین کارمەندی دیکە لەرێگەی تانکەرەکانی ئاگرکوژێنەوە و ئەو بارھەڵگرانەی خۆڵ بە ئاگرەکەدا دەکەن سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگری بیرەکانن بۆ تیمەکەی ئانادۆڵو گوتیشی: " لەم بیرەی ئێستا چەکدارانی داعش ٣٠ بۆمبی چێنراوییان دانابوویەوە و ئەمە یەکێکە لەو بیرانەی زۆرترین زیانی پێگەیشتووە".
ئەو گوتیشی: "بەداخەوە عێراق دەرئەنجامی ئەم کارانەی داعش بەتەنھا لە سووتاندنی ئەم بیرانەی گەیارە سەدان ملیۆن دۆلار زیانی پێگەیشتووە".
گەیارە گەورەترین ناحییەکانی پارێزگای نەینەوایە، لە ساڵی ٢٠١١ ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیک بە ٨٠ ھەزار کەس بووە، بەھۆی زۆری نەوت و قیرەوە ئەو ناوی بەبەردا بڕاوە، قەیارە یان وەکو ئەوەی لە شێوەزارەتی عێراقی پێیدەگوترێت "گەیارە"، سەرچاوەیەکی باشی کبریتیشە و رووباری دیجلە بەلای شارەکەدا تێدەپەڕێت، ھەروەھا پاڵاوگەی گەیارە بە کۆنترین پاڵاوگەکانی عێراق دادەنرێت کە لە ١٩٥٦ کارکردن تێیدا دەستی پێکرد و لەوێ کاتەوە ئەو پاڵاوگەیە نوێ نەکراوەتەوە.
گەیارە دەکەوێتە باشووری شاری مووسڵ و ٦٠ کیلۆمەتر لێیەوەی دوورە، بە دەیان بیرە نەوتی تێدایە و خاوەنی سامانێکی گەورەی سرووشتییە.
گەیارە خاوەنی نزیکەی ٧٠ بیری نەوتییە، لە دوای کۆنتڕۆڵکردنی شاری مووسڵ لە ١٠ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ چەکدارانی داعش ھێرشیان کردە سەر ئەم شارۆچکەیە و کۆنتڕۆڵیان کرد و لەوێ بەدواوە سوودی زۆریان لە فرۆشتنی نەوتی ئەم ناوچەیە بە نرخی زۆر ھەرزان بینی، بەپێی قسەی شارەزایانیش لە سەردەمی داعش رۆژانە ١٠ ھەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە.
شارۆچگەی گەیارە لە ٢٥ی ئابی ساڵی ٢٠١٦ واتە پێش نزیکەی پێنج مانگ لەمەوبەر لەلایەن ھێزەکانی عێراق لەدەستی داعش دەرھێنرا و دانیشتووانەکەی ئەوێ کات لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا گوزەریان دەکرد بەھۆی نەبوونی ئاو و کارەبا و خۆراکەوە، ئەگەرچی بەشێکی دانیشتوانی ئەم شارۆچکەیە توانیبوویان پێشتر خۆیان بگەیەننە سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان و لە کەمپەکانی نیشتەجێ ببن.
لە نێو شارۆچکەی گەیارەوە ھێشتا خەڵکی ژیان لەژێر ئەو دووکەڵانەدا دەگوزەرێنن کە زیانی زۆر گەورەی تەندروستی رەنگە بۆ نەوەکانی داھاتووشیان ھەبێت، بەڵام ئەمان کەمتر گوێیان لەوەیە و بە پلەی یەکەم بۆ ئەوان رۆشتنی داعش گرنگ بوو، چونکە دەیانگوت" داعش ھەمووی کارەسات بوو بۆ ئێمە".