Dildar Baykan
24 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2019
واشنتۆن ـ AA
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی، دەنگۆکانی "پاکتاوی نەژادی" لە سووریا بەدرۆدەخاتەوە و دەلێت : "تاوەکو ئێستا ھیچ بەڵگەیەکمان لەبەر دەست نییە لەسەر پاکتاوی نەژادی لە سووریا".
ئەو بەرپرسە باڵایەی کۆشکی سپی کە نەیویست ناوی بھێنرێت، لە رێگەی تەلەکۆنفرانسەوە سەبارەت بە سووریا زانیاری بە رۆژنامەنووسان دا.
ئەو بەرپرسە بەخۆشحاڵییەوە لەبارەی رێککەوتنی ئەمریکا و تورکیا سەبارت بە باکووری رۆژھەڵاتی سووریا قسەی کرد و گوتی: " زۆر بە پەرۆشەوە چاوەڕێی پەیوەندییەکی باش دەکەین لەگەڵ تورکیای ئەندامی ناتۆ. بە ھەمان شێوەش دەمانەوێ پەیوەندییەکانمان لە گەڵ کوردەکان بپارێزین. بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل و کەمایەتییە ئاینییەکان لە ناوچەکە کار لەگەڵ تورکەکان و کوردەکان و ھاوپەیمانەکانمان دەکەین".
بەرپرسەکی کۆشکی سپی، دەربارەی ھێشتنەوەی ژمارەیەک سەرباز لە ناوچە نەوتییەکان لە دژی ئەگەری سەرھەڵدانەوەی داعش لە سووریادا گوتی: "لە کۆتاییدا ئامانجی ئیدارەی ترەمپ ئەوە بوو کە سەرجەم سەربازەکانی ئەمریکا لە سوریا بکێشێتەوە. دڵنیابووین لەوەی کە ئەمە رۆژێک روو دەدات" .
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا ئەمریکا چەند سەرباز لە سووریا دەھێلتەوە؟ بەرپرسە باڵاکەی کۆشکی سپی، نەیویست لەو بارەیەوە ھیچ زانیارییەک ئاشکرا بکات و ئاماژەی بۆ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) کرد.
سەبارەت بە رێککەوتنەکەی دوێنێی تورکیا و رووسیاش، بەرپرسە باڵاکەی کۆشکی سپی، دەڵێت: "رێککەوتنامەی نێوان تورکیا و رووسیا لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدایە. ئێمە لێرەدا ھیچ رۆڵێکمان نییە. لەگەڵ تورکەکان لەسەر گرێ سپی و سەرێ کانی و رێگایی نێودەوڵەتی M4 کارمانکرد و ناوچەکەمان بە سەرکەوتویی پاککردەوە".
بەرپرسە باڵاکەی کۆشکی سپی، سەبارەت بە دەنگۆکانی"پاکتاوی نەژادی" لە دژی تورکیا دەڵێت: "تاوەکو ئێستا ھیچ بەڵگەیەکمان لە بەردەست نییە لەسەر پاکتاوی نەژادی".
لە کۆتاییدا بەرپرسەکەی کۆشکی سپی، باسی لە پەیوەندی نێوان ئەمریکا و تورکیا کرد و گوتی:"تورکیا وڵاتێکی زۆر گرنگە، ئەو وڵاتە نزیکەی ٩٠ ملیۆن دانیشتووانی ھەیە. شوێنێکی ستراتیجی گرنگی لە نێوان ئاسیا و ئەورووپادا ھەیە. لە تورکیادا چەندەھا ھاوڵاتی ئەمریکی و ھەزارەھا سەربازی ئەمریکی ھەیە. ئەمریکا دەیەوێت لەگەڵ ھەموولایەک پەیوەندی باشی ھەبێت. بێ گومان پەیوەندی باشمان لەگەڵ تورکیا دەوێت".