Dildar Baykan Atalay
18 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 18 تشرینی یەکەم 2022
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، کارین جان پیێر هێرشی مووشەکیی رووسیای بۆسەر ئۆکراینا سەرکۆنە کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوام دەبن لەسەر دەستەبەرکردنی پشتیوانی بەرگریی پێویست بۆ ئۆکراینا.
کارین جان پیێر لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا کە لە کۆشکی سپی پێشکەشی کرد رایگەیاند: ''ئەمریکا هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا سەرکۆنە دەکات، ئەمە دڕندەیی رووسیا نیشان دەدات''.
گوتەبێژی رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی باسی لەوە کرد کە جۆ بایدن ناو بە ناو پەیوەندی تەلەفۆنیی لەگەڵ هاوتا ئۆکراینییەکەی، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی ئەنجام دەدات، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەردەوام دەبن لە دەستەبەرکردنی پشتیوانی بەرگریی پێویست بۆ ئۆکراینا.
هاوکات کارین جان پیێر باسی لە لێدوانەکانی ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی کرد کە رایگەیاندبوو رووسیا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێران "کامیکازی" بەکارهێناوە و ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە پێشتر ئەمریکا لەو بارەیەوە هۆشداری دابوو.
گوتیشی: ''بەردەوام دەبین لە سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا بەهۆی بازرگانی چەک لەگەڵ رووسیا. کار دەکەین بۆ قورسکردنی فرۆشتنی چەکی ئێران بە رووسیا''.
گوتەبێژی رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، کارین جان پیێر هەروەها باسی لەوە کرد کە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئێران لەلایەن رووسیا دژبە ئامانجە سەربازیی و مەدەنییەکانی ئۆکراینا بەکارهاتووە و گوتی: ''تۆماری ڤیدیۆیی هەیە لەبارەی ئەو هێرشانەی کرانە سەر کیێڤ بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران، بەڵام ئێران بەردەوامە لە درۆکردن لەو بارەیەوە''.