Mücahit Oktay
23 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2022
واشنتۆن-AA
بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، جۆن کێربی سەبارەت بە گرووپی ڤاگنەری رووسی رایگهیاند: "وەک هێزێکی ناوەندیی دەرکەوت کە رکابەری سوپای رووسیا و وەزارەتەکانی دیکەی ئەو وڵاتە دەکات".
جۆن كێربی لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا گوتی: "ئەمڕۆ وردەکاری و زانیاریی نوێ لەسەر کۆمپانیای سەربازیی تایبەتی رووسی کە بە ڤاگنەر ناسراوە و لە سەرانسەری ئۆکراینا دڕندەیی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی ئەنجامداوە بڵاو دەکەمەوە. سەرۆک پوتین، بۆ پشتیوانیکردنی ئەو سەربازە رووسییانەی کە لە ئۆکراینا شەڕ دەکەن تادێت بە ئاراستەی قاگنەردا دەچێت".
کێربی گوتیشی: "لەلای ئێمە زۆر روونە کە ڤاگنەر وەکو هێزێکی ناوەندیی دەرکەوت کە رکابەری سوپای رووسیا و وەزارەتەکانی دیکەی رووسیا دەکات".
ئاماژە بەوەش کرد کە پەرەسەندنی کاریگەرییەکانی خاوەنی ڤاگنەر، یەڤگینی پریگۆژین لەسەر کرملین لە کاتێکدایە کە بەرپرسە سەربازییە رووسەکان بەردەوامن لە "بە ئاشکرا رەخنەگرتن" لە وەزارەتی بەرگریی رووسیا و فەرماندە سەربازییە باڵاکانی رووسیا لە ئۆکراینا و هەندێک جار "ملکەچی فەرمانەکانی ڤاگنەر بوون".
بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی زانیاری ئەوەشی بڵاوکردەوە کە مانگی رابردوو "یەکەم رادەستکردنی چەک" بە ڤاگنەر ئەنجامدراوە کە مووشەکی پیادەی کۆریای باكووریشی لەخۆگرتووە.
کێربی گوتی: "هەروەک حکوومەتی رووسیا ڤاگنەر-یش بۆ بەڕێوەبردنی هەڵمەتەکەی لە ئۆکراینا ناچاربوو پشت بە وڵاتە نەخوازراوەکان ببەستێت" و داوای لە کۆریای باكوور کرد کە دەستبەجێ رادەستکردنەکانیان بۆ ڤاگنەر راگرن.
لیدوانەکانی کێربی دوای رۆژێک لە راگەیاندنی پاکێجێکی هاوکاریی سەربازی بە بری ١،٨٥ ملیار دۆلار لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ئۆکراینا دێت کە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆتیش لەخۆدەگرێت و سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی ماوەیەکی زۆرە داوای دەکات.