Mazın Asad
24 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 26 شوبات 2017
جنێڤ
ئەندامی پێشووی شاندی سەربازیی ئۆپۆزسیۆن و فەرماندە لە سوپای ئازاد لە ئەلباب، ئەحمەد عوسمان رایگەیاند "ئەو سەرکەوتنانەی بەسەر داعش تۆمار کرا، لە رووی سیاسی و سەربازییەوە ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر ئەسەد لە جنێڤ بەھێز دەکات".
فەرماندەی کەتیبەی سوڵتان موراد کە سەر بە سوپای سووریای ئازادە، ئەحمەد عوسمان لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ھەڵسەنگاندنی لەبارەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات، گرنگی سەرکەوتنی ئەلباب و ئۆپەراسیۆنی داھاتوو کرد.
عوسمان ئاماژەی بەوە دا کە بۆ یەکەمجار نیوەی ئەندامانی شاندی ئۆپۆزسیۆن بۆ دانوستانەکان لە فەرماندەی سەربازیی پێک بێت کە بەو ھۆیەوە ئیتر بڕیارەکان بە ھاوبەشی لەگەڵ لایەنی سیاسی و سەربازیی دەدرێت و زیاتر گوتیشی: "جگە لە سیاسەتمەداران، ئێمەش سەدا نیوەی ئەندامانی شاندەکە پێکدەهێنین کە بۆ ئایندەی سووریا گرنگە".
ئەحمەد عوسمان گوتیشی: "ئەو سەرکەوتنانەی بەسەر داعش تۆمار کرا، لە رووی سیاسی و سەربازییەوە دەستی ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر ئەسەد لە جنێڤ بەھێز دەکات".
-"داعش دەستی راستی رژێمە"
ئەو فەرماندەیە لە درێژەدا جەختی لەوە کردەوە کە رژێمی ئەسەد ھاوکاری پێشکەش بە داعش و پەیەدە/پەکەکە لە سووریا کردووە و گوتیشی: "ھەر کاتێک ئێمە سەرکەوتنێکمان بەدەستھێنا، بە تایبەتیش لە ئەلباب کە کاتێک شکستی ھێنا، رژێم ھانی پەیەدەی دا بۆ جموجۆڵکردنی بۆ ناوچەی عەزاز. جگە لەوە داعشیشی بۆ جموجۆڵکردن بۆ ناوچەکانی دیکە لە دژی ئێمە ھان داوە".
ئەحمەد عوسمان ئاماژەی بەوەش دا کە داعش و رژێمی سووریا یەکن و گوتیشی: "بۆیە ئەگەر بەسەر داعش سەربکەوین، ئەوا بە مانای سەرکەوتن بەسەر رژێم دێت. بێگومان رژێم داعشی ھەڵخوڵقاند. ئەگەر داعش لەناو ببەین، دەستی راستی رژێم دەبڕدرێت".
ناوبراو تیشکی خستە سەر سەرکەوتنەکانی ھێزەکانی سوپای تورکیا و سوپای سووریای ئازاد لە شارۆچکەی ئەلباب و رایگەیاند لەگەڵ ئەلباب، سەدا ٩٠ی حەلەب لە داعش پاککراوەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئامانجیان دەرکردنی داعشە لە سووریا و راشیگەیاند لەوبارەیەوە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش ئەنجام دەدەن و پەیوەندییەکی بەھێزیشیان لەگەڵدا ھەیە.
فەرماندەی کەتیبەی سوڵتان موراد ئاشکراشی کرد کە ئامادەکاریی بۆ رزگارکردنی ناوچەی منبج دەکەن و راشیگەیاند منبج ھەروەک جەرابلوس و ئەلباب شوێنێکی گرنگە.
ئەحمەد عوسمان بەھۆی پشتیوانی و ھاوکارییەکانیانەوە ستایشی گەل و سوپای تورکیا کرد و گوتیشی: "بەھۆی پێشکەشکردنی ھاوکاری لوجستیکی، ستایشی برا تورکەکان، سەرکۆمار، سەرۆکوەزیران و گەلی تورکیا دەکەین. دەرگای نەخۆشخانەکانیان بۆ نەخۆش و بریندارەکانمان کردەوە. ئەمەش نیشانەی برایەتی نێوانمانە. برایەتیمان بە قسە نییە، بەڵکو بە کردارە".
ھێزەکانی سوپای تورکیا و سوپای سووریای ئازاد لە ٢٤ی ئابی ساڵی رابردوو ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتیان دەستپێکرد و بەھۆیەوە رێگەی نێوان عەزاز-جەرابلوس لە رێکخراوانی تیرۆریستی پاککرایەوە و لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووش دەست بە رزگارکردنی شارۆچکەی ئەلباب کرابوو. بەو ھۆیەوە دوێنێ سوپای سووریای ئازاد بە پاڵپشتی سوپای تورکیا ناوەندی شارۆچکەی ئەلبابیان لە داعش رزگار کرد.