Zana Natık Kerem
22 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی لە سەڵاحەددین پێشوازیی کرد لە کۆنسولی نوێی ئەمریکا لە ھەولێر، ئێرڤین ھیکس.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە کە لە دیدارەکەدا، ئێرڤین ھیکس وێڕای دەربڕینی پێزانینی خۆی بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان سەبارەت بە گەیشتن بە ئازادی و رووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆرییەت، ھەروەھا رایگەیاندووە کە گەییشتن بە بەختەوەری و ئازادیخوازی دوو خاڵی ھاوبەشی نێوان گەلی ئەمریکا و گەلی کوردستانن.
ئاماژەی بەوەیشداوە، لای خۆیەوە مەسعود بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە گەلی کوردستان خاوەن دۆزێکی رەوایە و لە پێناو ئەو دۆزەدا، ئامادەی ھەموو جۆرە قوربانیدانێکە.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە ھەر لە دیدارەکەدا، جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەردوولا کراوەتەوە و لەوبارەیەوە کۆنسولی نوێی ئەمریکا لە ھەولێر، ئێرڤین ھیکس باسی لە ھاوکاری و ھەماھەنگییەکانی وڵاتەکەی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە لە بواری گەشەپێدان بە کەرتی تایبەت و دەرفەتی کار بۆ ھاووڵاتییان.
رۆژی پێنجی تەمووزی ٢٠٢٢ کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر، رۆبێرت پاڵادینۆ ئەرکەکەی کۆتایی ھات و لە شوێنی ئەو ئێرڤین ھیکس دەستنیشانکرا.