Zana Natık Kerem
05 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2022
ھەولێر ــ AA
کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر، رۆبێرت پاڵادینۆ کە ئەرکەکەی کۆتایی ھاتووە رایگەیاند" "ھەرگیز خەڵکی کوردستان لەبیر ناکەم و بەردەوام لە واشنتۆنی پایتەخت داکۆکییان لێ دەکەم".
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئاماژەی بەوەداوە کە رۆبێرت پاڵادینۆ بە بۆنەی کۆتایی ھاتنی ئەرکەکەی پەیامێکی بڵاوکردەوە.
رۆبێرت پاڵادینۆ رایگەیاندووە: "بە گەڕانەوە بۆ ساڵی رابردوو، گەیشتوومەتە ئەو دەرەنجامەی کە کوردستان منی گۆڕیوە، ئەمڕۆ من خۆشەویستییەکی قووڵ و رێزێکی بێ پایانی خەڵکی کوردستانم لە دڵی خۆمدا جێکردووەتەوە. میواندۆستیتان و بەردەوام پێشوازیکردنتان لە من و ھاوپیشە ئەمریکییەکانم لەبیر ناکرێت، بەتایبەتی بیری دۆڵمە و کفتە دەکەم. من ئێوە لەناو دەستی کەسێکی باشدا بەجێدەھێڵم. من دەزانم ئێوە بەخێرھاتنێکی گەرمی جێگرەوەکەم دەکەن".
پاڵادینۆ ئاشکرایشی کردووە لە سەرەتای مانگی ئابدا، کۆنسوڵی گشتیی نوێی وڵاتەکەی لە ھەرێمی کوردستان دەناسێندرێت و رایگهیاندووه: "لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا، ھەرێمی کوردستان رێگایەکی درێژی بڕیوە و زۆر شت ھەیە کە شانازیی پێوە بکەن، پرۆسەی رێڕەوی دیموکراسی درێژ و سەختە، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لێرە دەبێت و ھاوشانی ئێوە دەبێت".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر بۆ خەڵکی کوردستان رایگەیاندووە: "تکایە ئەوە بزانن کە من داکۆکیکاری ئێوە دەبم لە واشنتۆنی پایتەخت، ئەگەر جارێکی دیکە داوام لێکرا، ئامادەم ئەم پەیوەندییە تایبەتەمان بەرەوپێشتر ببەم، ئێوە ھاوڕێیەکی ھەمیشەییتان لە مندا بەدەستھێناوە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ھەرێمی کوردستان لە ئێستا و داھاتووشدا بەردەوام پێکەوە باشترن".