Hakan Çopur,Muhammet Ali Kemal
02 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2017
واشنتۆن- AA
وەزارەتی دادی ئەمریکا بڵاوی کردەوە، وەزیری داد، جێف سێشنز لە ساڵی 2016دا دووجار لەگەڵ باڵیۆزی رووسیا لە واشنتۆن، سێرگی کیسلیاک کۆبووەتەوە، بەڵام هیچ یەک لەو کۆبوونەوانە سەبارەت بەپەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ نەبووە.
گوتەبێژی وەزارەتی دادی ئەمریکا، سارا ئسگەر فلۆریس سەبارەت بەو دیدارانەی وەزیری دادی وڵاتەکەی، جێف سێشنز، لەگەڵ باڵیۆزی رووسیا لە واشنتۆن ئەنجامیداوە، روونکردنەوەی دایە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو.
سارا ئسگەر فلۆریس ئاشکرای کرد لە ساڵی 2016دا، کاتێک جێف سێشنز سیناتۆر و ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییە سەربازییەکانی ئەنجوومەنی پیران بووە، لەگەڵ 25 بالیۆزدا لە شوێن و کاتی جیاوازدا کۆبووەتەوە و دووانیش لەو کۆبوونەوانە لەگەڵ باڵیۆزی رووسیا لە واشنتۆن، سێرگی کیسلیاک بووە و ئەوەش شتێکی ئاساییە.
فلۆریس باسی لەوەکرد، سێشنز پێش ئەوەی ببێتە وەزیر لە دانیشتنێکی ئەنجوومەنی پیراندا بە''نەخێر'' وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە کە ''ئایا پەیوەندیی لەگەڵ رووسەکاندا هەیە یان نا'' و جەختی لەوەکردەوە بەو وەڵامە سیناتۆرەکانی بەلاڕێدا نەبردووە چونکە پرسیارەکان کە راستەوخۆ ئاراستەی ناوبراو کراون پەیوەست بوون بەپەیوەندیی نێوان رووسیا و هەڵمەتی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ.
گوتەبێژی وەزارەتی دادی ئەمریکا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە سێشنز کۆبوونەوەکانی وەک سیناتۆرێک و لە چوارچێوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییە رۆتینییەکاندا ئەنجامداوە و لە مانگی تەمووزدا لە شوێنێکی قەرەباڵغ و لە مانگی ئەیلوولیشدا لەسەردانێکدا چاوی بەسێرگی کیسلیاک کەوتووە. جەختی لەوەشکردەوە کە هیچ یەکێک لەو دیدارانە پەیوەندییان بەهەڵمەتی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا نەبووە.
- سێشنز دەنگۆکانی رەتکردەوە
دواتر وەزیری دادی ئەمریکا، جێف سێشنز روونکردنەوەیەکی کورتی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند ''بەمەبەستی قسەکردن سەبارەت بەهەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن (ی دۆناڵد ترەمپ) لەگەڵ هیچ بەرپرسێکی رووسیدا کۆنەبوومەتەوە. نازانم دەنگۆکان لەبارەی چییەوەن. بەڵام ئەو دەنگۆیانە هەڵەن''.
- دیموکراتەکان دەڵێن ''دەبێت دەست لەکاربکێشێتەوە''
لای خۆیشییانەوە دیموکراتەکان پێیان وایە چیتر نابێت سێشنز بەهیچ جۆرێک مافی دەستوەردانی لەو لێکۆڵینەوانە هەبێت کە هەریەک لە نووسینگەی لێکۆڵێنەوەی فیدراڵی (ئێف بی ئای) و وەزارەتی داد لە دەنگۆکانی دەستوەردانی رووسیا لە رێگەی هێرشی سایبەرییەوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، دەیکەن.
سەرۆکی کەمینەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران و نوێنەری کالیفۆرنیا لە ئەنجوومەنەکە، نانسی پێلۆسی، لەوبارەیەوە رایگەیاند ''سێشنز درۆ دەکات و پێویستە دەست لەکاربکێشێتەوە''.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی دۆناڵد ترەمپ، مایکڵ فلین بەهۆی ئەوەی زانیاریی هەڵەی دابوویە هەریەک لە سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پێنس سەبارەت بەو پەیوەندییە تەلەفۆنییانەی لەگەڵ باڵیۆزی رووسیا لە واشنتۆن، سێرگی کیسلیاک ئەنجامیدابوو، دەستی لەکارکێشایەوە.