Sarmand Hameed
05 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 12 تەمووز 2022
هەولێر - AA
سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق روکن عیسا عوزێر و سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی بەرگریی عێراق، فەریقی یەکەمی روکن عبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا لە مەخموور کۆبوونەوە.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لەلایهن وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەرکانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، بەڕێوەبەری میلاکاتی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی فیرقەی ١٤ی سوپای عێراق، فەرماندەی لیوای ١٤ی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەفسەرانی باڵای هەردوولا بەڕێوەچووه، شاندەکان گفتوگۆیان کردووه لەبارەی رەوشی ئەمنی ناوچەکە، جموجوڵەکانی داعش و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم جۆرە کۆبوونەوانە لەنێوان هەردوولادا، بۆ هاوکاری و هەماهەنگی زیاترە، لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاریگەرتر و بەهێزتر رووبەڕووی مەترسییەکانی تیرۆریستان ببنەوە.
بەیانی ئەمڕۆ شاندێکی باڵای سوپای عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆک ئەرکانی سوپا، فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ سوپاسالاری پێشمەرگە، فەریق روکن عیسا عوزێر گەیشتە قەزای مەخموور باشووری رۆژھەڵاتی پارێزگای نەینەوا.
راگەیەندرابوو کە شاندەکەی سوپای عێراق و سوپاسالاری پێشمەرگە، بەدواداچوون بۆ زانیارییە ھەواڵگریی و ئەمنییەکانی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە لە ناوچەکە دەکەن.