Azat Muhammet
19 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2017
دهۆک - AA
- ناوچەی گەشتیارى گەلى شێرانە لە شارەدێى دێرەلوکى سەربە قەزاى ئامێدى لە پارێزگاى دهۆک خاوەنى ناوچەیەکى شاخاوى فێنک و ئاوێکى سارد و سازگارە، رەنگى شینى ئاوەکە سەرنجى تەواوى گەشتیاران رادەکێشێت. لە ماوەى هەفتەیەکدا نزیکەى ١٠ هەزار گەشتیار روو لە ناوچەکە دەکەن.
لە هەرێمى کوردستان سەدان شوێن و ناوچەى گەشتیاریى سەرنج راکێش هەن، ساڵانە هەزاران گەشتیار بۆ بەسەربردنى کاتێکى خۆش لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان و لە وڵاتانى دەرەوە سەردانی ئەو شوێن و ناوچە گەشتیارییانە دەکەن، ناوچە گەشتیارییەکانى هەرێمى کوردستان سروشتی خۆرسکن، گەلى شێرانە لە سنوورى شارەدێى دێرەلوکى سەربە قەزاى ئامێدى لە پارێزگاى دهۆک یەکێکە لە دیارترین نموونەکانى شوێنە گەشتیارییەکانى هەرێمى کوردستان.
گەلى شێرانە ناوچەیەکى شاخاوییە و بە دارستانێکى چڕ قەتپاڵى شاخەکانى ناوچەکە داپۆشراوە، رووبارێک لە ناوچەکە هەیە خاوەن ئاوێکى شینى سازگارە، بەهۆى رەنگى شینى ئاوەکە، ناسراوە بە ئاوى شینى گەلى شێرانە، چڕى دارستانەکە و ساردى ئاوەکە وایکردووە پلەى گەرما لە گەرمترین وەرزى ساڵدا لە ٢٠ پلەى سیلیزى تێپەڕ ناکات، ئەمانەیش بوونەتە هۆى راکێشانى سەرنجى گەشتیاران نەک تەنها لە ناوخۆی هەرێمى کوردستان و عێراق، بەڵکو گەشتیاران لە سەرتاسەرى جیهان روو لە ناوچەکە دەکەن. هەر گەشتیارێک کە سەردانى گەلى شێرانە بکات، دیمەنى هێندە سەرنج راکێش و دڵڕفێنى بەرچاو دەکەوێت، کە رەنگە هیچ کات لەو باوەڕە نەبووبێت شوێنێکى گەشتیارى لەو چەشنە لە هەرێمى کوردستان هەبێت.
بەشێکى زۆرى گەشتیاران تا ئێوارە لەو ناوچە گەشتیارییە دەمێننەوە و مەلەکردن و یارى و شایی و هەڵپەڕکێ خواردن و خواردنەوە و گرتنى وێنەى یادگارى سەرەکیترین ئەو کارانە دەبن کە گەشتیاران ئەنجامى دەدەن، لە هەندێک بەشى شوێنە گەشتیارییەکە قەتپاڵى شاخاوى سەخت هەن، گەنجان وەک سەرکێشییەک رێگا سەختەکە دەبڕن بۆ بیبنینى تەواوى ناوچە گەشتیارییەکە.
بەهۆى ئەوەى رێژەیەکى زۆر لە گەشتیار سەردانى گەلى شێرانە دەکەن، هاووڵاتییانى سنوورەکە هەڵستاون بە دۆزینەوەى هەلى کار، بۆ نموونە چەند گەنجێک لە رێگەى چایخانەیەکى گەڕۆکەوە داهاتى رۆژانەیان نزیک دەکەنەوە لە ٤٠ دۆلار، گەنجان یان مێرمنداڵانى سنوورەکە بە فرۆشتى ئاو یان کەلوپەلەکانى گەشتیارىی هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن کاریان لەو شوێنە گەشتیارییەکە دەستبکەوێت.
حاجى سدقى هەرکى دانیشتووى سنوورى شارەدێى دێرەلوکە و بۆ چاودێریکردن و پاراستنى گەلى شێرانە رۆژانە سەردانى ئەو شوێنە گەشتیارییە دەکات، لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو دەڵێت "گەشتیاران لە ئەمریکا، رووسیا، ئیتاڵیا و تورکیا و زۆرینەى وڵاتانى جیهان سەردانى گەلى شێرانە دەکەن، رۆژانە زیاتر لە هەزار گەشتیار روو لەم ناوچەیە دەکەن و تا ئێوارە دەمێننەوە و هەندێک بۆ چەند شەو و رۆژ لێرە دەمێننەوە ئەوانەى لێرە دەمێننەوە زیاتر ئەوانەن کە لە وڵاتان هاتوون و بەشێکیش هاووڵاتییانى عەرەبى خوارووى عێراقن".
دەشڵێت "رۆژانە هەزار کەس سەردانى گەلى شێرانە دەکات، داوا لە پارێزگارى دهۆکیش دەکەین سەردانى ئەو شوێنە دڵڕفێنە بکات، بیخاتە بەرنامەى کارەکانی حکوومەت، ئەگەر لەسەر ئەندازەیەکى نوێ و پێشکەوتوو خزمەت بەو سرووشتە جوانە بکرێت و رێگاوبان بۆ شوێنەکە دروست بکرێت، هەم رێژەى گەشتیاران زیاتر دەبێت، هەمیش داهاتێکى باشیشى دەبێت بۆ حکوومەت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچ نەکراوە، تەنانەت ئەو رێگایەى کە گەشتیاران هاتوچۆى پێدا دەکەن لە لایەن هاووڵاتییانى گوندى هاریکائاغا دروستکراوە".
پابەند نەبوونى بەشێک لە گەشتیاران بە پاراستنى ژینگە و فڕێدانى پاشماوەکانیان لە گەلى شێرانە بووەتە جێگەى نیگەرانى زۆرینەى گەشتیاران، بۆیە زۆرینەى گەشتیاران داوا لە حکوومەتى هەرێم دەکەن کە باج بخرێتە سەر ئەو گەشتیارانەى پابەند نابن بە پاراستنى ژینگە و شوێنە گشتییەکان.