Zana Natık Kerem
19 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2018
ئەنقەرە ــ AA
میدیاکانی ھیندستان بڵاویانکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ئاکامی باران بارینی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو لە ویلایەتی کێرالا باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە، بەرزبوویەوە و گەیشتووەتە ٣٦٨ کەس.
لە ھەشتی ئەم مانگەوە باران بارینی بەخوڕ ویلایەتی کێرالا باشووری رۆژئاوای ھیندستانی گرتووەتەوە کە بە ھۆیەوە لافاو لە ناوچەکانی ئەو ویلایەتە دروست بووە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ھیندستان رۆژی ھەینی رابردوو رایگەیاندبوو کە لە میانی ئەم مانگەدا، بە ھۆی باران بەخۆر ویلایەتی کێرالا رووبەڕووی لافاوێک بووەتەوە کە بە درێژایی سهد ساڵی رابردوودا لەو ویلاتە دروست نەبووە کە تاکو ئێستا بووەتە ھۆی گیانلەدەستدانی ٣٢٤ کەس.
ئەمڕۆ یەکشەممە میدیاکانی ھیندستان بڵاویانکردەوە ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ئاکامی باران بارینی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو لە ویلایەتی کێرالا باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە، بەرزبوویەوە و گەیشتووەتە ٣٦٨ کەس.
بەپێی میدیاکان، ھەر بە ھۆی لافاوەکە لە ویلایەتی کێرالا ژمارەیەک پرد و خانوو داڕماون و رێگەکانی ھاتوچۆش پەکخراون، ئەمە جگە لەوەی کە زیان بە ١٢ ناوچە کەوتووە.
دەستەی کەشناسی لە ھیندستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە لە دوای رۆژی سێشەممەی داھاتووە، باران بارینی بەخوڕ لەو وڵاتە کەم دەبێتەوە.
ساڵانە توندەبا و بارانی وەرزی لە مانگی حوزەیران، ھیندستان دەگرێتەوە و تا مانگی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.