Zana Natık Kerem
21 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2019
بەرلین ــ AA
رایگەیەندرا کە ھێڵی ئاسمانیی ئەڵمانیا "Lufthansa Airline"، گەشتەکانی بۆ شاری قاھیرە پایتەختی میسر دەستپێکردەوە کە پێشتر لەبەر ھۆکاری ئەمنی ھەڵیپەساردبوو.
لەمبارەیەوە کەناڵی "Deutsche Welle" بڵاویکردەوە، گوتەبێژێکی ھێڵی ئاسمانیی "Lufthansa Airline" کە ناوی ئاشکرا نەکراوە رایگەیاندووە کە ئەمڕۆ یەکشەممە گەشتەکانیان بۆ شاری قاھیرە دەستیپێکردووەتەوە.
پێشتر ھێڵی ئاسمانیی ئەڵمانیا رایگەیاندبوو کە لە بەر ھۆکاری ئەمنی بە شێوەیەکی کاتی گەشتەکانی بۆ قاھیرە ھەڵپەساردووە.
لە لایەکی دیکەوە ھەڵپەساردنی گەشتەکانی ھێڵی ئاسمانیی بەریتانیا "British Airways" بۆ قاھیرە بۆ شەش رۆژی دیکە درێژکرایەوە.
بەپێی "BBC" بریکاری ھێڵی ئاسمانیی بەریتانیا لە قاھیرە، شەریف برسوم رایگەیاندووە کە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان لەندەن و قاھیرە لە ٢٦ی ئەم مانگەدا، دەست پێ دەکاتەوە.
پێشتر ھێڵی ئاسمانیی بەریتانیا "British Airways" رایگەیاندبوو کە لەبەر ھۆکاری ئەمنی گشتەکانی بۆ قاھیرە ھەڵپەساردووە.
دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ھۆشداری ئەوەی دابوو کە ئەگەری ھەیە پەلاماری تیرۆریستی لە میسر رووبدات بۆیە داوای لە ھاووڵاتییانی بەریتانیا کردبوو کە گەشت نەکەن بۆ میسر.