Muhammed Semiz
24 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 24 تشرینی دووەم 2021
دوبەی – AA
واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیمارات و ئیسرائیل لە بواری وزەدا راگەیەندرا.
بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی فەرمیی ھەواڵی ئیمارات WAM، وەزیری ژێرخان و وزەی ئیمارات، سوھەیل مەزروعی و وەزیری وزەی ئیسرائیل، کارین حەرار لە بەشی ئیسرائیل لە دوبەی ئیکسپۆ ٢٠٢٠، کۆبوونەتەوە.
لە ھەواڵەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییە ھاوبەشەکانی بواری وزە کراوە و ئەوەش ئاشکرا کراوە کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئیبراھیم و بە مەبەستی قوڵترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە بواری وزەدا، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژۆکراوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە بەپێی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی کە واژۆکراوە، ھەردوو وڵات ئاڵوگۆڕی زانیاریی و ئەزموون لە بواری وزەدا دەکەن و بۆ پاڵپشتیکردنی ستراتیژیی وزەی ئیمارات و ئیسرائیل و بە تایبەتی پرسی خەزنکردنی وزەی خاوێن کۆبوونەوەی ئاست باڵا ئەنجامدەدرێت.
لە ھەواڵەکەدا، ئەوەش راگەیەندراوە کە وەزیری وزەی ئیسرائیل، کارین حەرار لە میانی کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە زیاتر لە ساڵێک بەسەر رێککەوتنی ئیبراھیم کە لە نێوان ئیسرائیل و ئیمارات واژۆکراوە تێپەڕیووە و لە چەندین بواردا و لە سەرووی ھەموویانەوە لە بواری وزەدا سەرکەوتن بەدەستھاتووە.
کارین حەرار راشیگەیاندووە کە رێککەوتنی ئیبراھیم، نەک تەنھا بۆ ئەم دوو وڵاتە بەڵکو بۆ بەدەستھێنانی دەرفەت سوودی بۆ تەواوی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەبووە.
ئیسرائیل و ئیمارات، لە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٠دا، لە رێورەسمێکدا لە کۆشکی سپی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان واژۆکرد.