Hemin Hüseyin
16 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 18 شوبات 2017
هەولێر-AA
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئاشکرای دەکات کە ئەوان لەدوای کۆنگرەی یەکگرتوو بڕیاریانداوە کە سەردانی وڵاتانی دراوسێ بکەن و لەیەکەم سەردانیشدا گەشتێکی دوو رۆژەیان بۆ وڵاتی ئێران ئەنجامدا و لەوێ چەندین دیدار و کۆبوونەوەیان ئەنجام دا.
لە کاتی گەیشتنییان بۆ هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان تیشکی خستە سەر ئامانجی سەردانەکەیان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و گرنگی کۆبوونەوەکەیان و گوتی: "ئێمە دەمێکە بڕیارمانداوە سەردانی وڵاتانی دراوسێ بکەین و پەیوەندییەکی کۆنمان لەگەڵ وڵاتی ئێران هەیە، لەوێ لەو سەردانەدا رۆڵی کاریگەرمان بینی".
سەلاحەددین بەهائەدین گوتیشی: "هەموو شتێک پێداویستی خۆی هەیە، عێراقی یەکپارچە دەستوورەکە دایدەنێت، ئەگەر دەستوورەکە پیادە نەکرێت ئەوا دەرگای بژاردەی دیکە دەکرێتەوە".
ئەمینداری گشتی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەشکرد کە بۆ ئەوەی عێراقێکی یەکپارچە هەبێت، دەبێت دەستوورەکە پیادە بکرێت بە هەموو بڕگەکانییەوە، هەموو گەلێک مافی خۆیەتی کە بەرنامەی دوارۆژی خۆی هەبێت.
رۆژی یهك شهممه 12/2/2017 ئەمینداری گشتی یهكگرتووی ئیسلامی كوردستان، سهلاحهددین محهمهد بههائهددین به یاوهری شاندێكی سهركردایهتی حزبەکەی سەردانی تارانی پایتەختی ئێران کرد و ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە گەیشتنەوە ھەرێمی کوردستان و لەلایەن شاندێکی سەکردایەتی حزبەکەیان پێشوازییان لێکرا.