Selen Temizer
07 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2022
برۆکسل-AA
یەکێتیی ئەورووپا بە زیادکردنی ٣٠ ناوی نوێ و حەوت دامەزراوە کە بە بەرپرسیاریان دەزانێت لە پەرەسەندنی شەڕی ئۆکراینا، لیستی سزاکانی سەر رووسیای فراوانتر کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی کۆنسەی ئەورووپا، "ئەو کەسانەی ریفراندۆمی ساختەیان لە چوار ناوچەکەی ئۆکراینا رێکخستبوو، بەرپرسانی باڵای وەزارەتی بەرگریی رووسیا، گەورەترین خاوەن پشکی کۆمپانیای بەرهەمهێنەری چەک JSC Klashnikov Concern، ئالان لوشنیکۆڤ کە هاوکات زانیاری نادروستی سەبارەت بە جەنگ بڵاوکردووەتەوە، جێگرانی وەزیری بەرگریی پێشوو و ئێستای رووسیا، سیاسەتمەدار ئەلێکساندەر دوگین و گۆرانیبێژان یولیا چیچێرینا و نیکۆلای راستۆرگێڤ"، بۆ لیستی سزاکان زیادکراون.
هاوکات لە نێو ئەو حەوت دامەزراوەیەی کە سزایان بەسەردا سەپێنداوە، کۆمپانیاکانی بەرگریی کە چەک یان فڕۆکەی جەنگی بۆ هێزە چەکدارەکانی رووسیا دابین دەکەن، ئەو دامەزراوانەی کە سەربە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی رووسیان و بەرپرسیارن لە رێکخستنی هەڵبژاردن و ریفراندۆمەکان، هەروەها کۆمپانیای بۆرسەی دەوڵەتی رووسیا JSC Goznak دەبینرێت.
بەم شێوەیە بەگشتی یەکێتیی ئەورووپا تا ئێستا سزای بەسەر هەزار و ٢٣٦ کەس و ١١٥ دامەزراوەدا سەپاندووە.
ئەو کەسانەی کە ناویان لە لیستی سزاکاندا هاتووە، سەروەت و سامانەکانیان بلۆک دەکرێت و دابینکردنی پارەشیان لەلایەن هاووڵاتییان و کۆمپانیاکانی یەکێتیی ئەورووپاوە لێ قەدەغە دەکرێت. هەروەها رێگە بەچوونی ئەو کەسانە نادرێت بۆ ناو خاکی یەکێتیی ئەورووپا.