Ömer Tuğrul Çam
12 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2023
بڕۆکسل – AA
بەهۆی پشتیوانیکردنیان لە رووسیا لەو جەنگەی کە ئەو وڵاتە لە ئۆکراینا هەڵی گیرساندووە، یەکێتیی ئەورووپا لە ئامادەکاریدایە بۆ ئەوەی سزای نوێ بەسەر بێلاڕووس و ئێراندا بسەپێنێت.
گوتەبێژ لە کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، پیتەر ستانۆ رایگەیاند کە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا پێکەوە بڕیار دەدەن، سزا بەسەر ژمارەیەک کەسایەتی و دامەزراوەی بێلاڕووسدا بسەپێنن.
پیتەر ستانۆ بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە ئەگەر پێویست بکات جارێکی دیکە بە بڕیارەکانی سەپاندنی سزاکاندا دەچنەوە کە بەهۆی هێرشەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا بڕیاریان لێ دراوە، ئاماژەی بەوە دا کە دیدار و کۆبوونەوەکانی پەیوەندیدار بە سەپاندنی سزاکان لەنێوان وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا نهێنییە و ناتوانێت بچێتە ناو وردەکاری زیاترەوە.
گوتەبێژ لە کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، پیتەر ستانۆ گوتیشی: "بەردەوام دەبین لە سزادانی ئەوانەی هاوکاری و پشتیوانی لە جەنگە نایاساییەکەی رووسیا دەکەن. سزا تەنها بەسەر بێلاڕووسدا ناسەپێنن، بەڵکو بەسەر ئێرانیشدا دەیسەپێنین".
یەکێتیی ئەورووپا تاکوو ئێستا دوو پاکێجی سزاکانی بەسەر بێلاڕووسدا سەپاندووە کە یەکەمیان بەتۆمەتی گوشار خستنە سەر ئۆپۆزسیۆن لەلایەن حکوومەتی بێلاڕووس و ئەنجامدانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی ئابی ٢٠٢٠دا بوو و دووەمیشیان ئەوە بوو یەکێتیی ئەورووپا بێلاڕووسی لەگەڵ رووسیا خستنە لیستی نۆیەمی پاکێجی سزاکانەوە.
یەکێتیی ئەورووپا دواهەمین سزایشی لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ بەتۆمەتی سەرکوتکردنەوەی خۆپیشاندانەکان و دروستکردنی هەڕەشە بۆسەر سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا لە دوو لیستی جیادا سزای بەسەر ٢٤ کەس و پێنج دامەزراوەدا سەپاند.
پێشتریش یەکێتیی ئەورووپا لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ سزای بەسەر ١١ کەس و چوار دامەزراوە لە ١٤ی تشرینی دووەمیش بەسەر ٢٩ کەس و سێ دامەزراوەی ئێراندا سەپاند.