Şerife Çetin
06 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 07 ئاب 2020
بڕۆکسل - AA
لە راپۆرتێکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپادا ئەوە هاتووە کە سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە، ئورسولا ڤۆن دێر لێیهن دوابەدوای تەقینەوە گەورەکەی بەیروت پایتەختی لوبنان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، حەسسان دیاب ئەنجامداوە.
ئورسولا ڤۆن دێر لێیهن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە چەند تیمێکی فریاگوزارییان رەوانەی بەیروت کردووە و لە یەکەم قۆناغیشدا بۆ یارمەتیدانی بنیاتنانەوەی شارەکە، یەکێتیی ئەورووپا ٣٣ ملیۆن یورۆ پێشکەش بە لوبنان دەکات.
ناوبراو باسی لەوەیش کردووە کە سەقامگیری سیاسیی لوبنان گرنگییەکی زۆری هەیە و رایگەیاندوە "لەم دۆخە سەختانەدا، پێویستە تەواوی هێزە سیاسییەکان ببنە یەک. یەکێتیی ئەورووپا پشتگیری لوبنان دەکات".
دوو رۆژ لەمەوبەر تەقینەوەیەکی بەهێز بەندەری بەیروت پایتەختی لوبنانی هەژاند و بەگوێرەی راگەیەندراوەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی تەقینەوەکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە، ١٣٥ کەس و نزیکەی پێنج هەزار بریندار هەیە، ئەمە جگە لەوەی کە دەیان کەس تا ئێستا بێسەروشوێنن.