ھەولێر
ئەمڕۆ پێنحشەممە لە ھۆتێل رۆتانا لەشاری ھەولێر، دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان و گروپی کۆمپانیاکانی پیرۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی دا ئامادەکاریی بەستنی کۆنفرانسی گەشتوگوزاری نێودەوڵەتییان خستەڕوو.
نادر رۆستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان گوتی: "ئامانجی کۆنفراس ئەوەیە بتوانین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سەرنجی کۆمپانیاکانی جیھان رابکێشین تا بێنە ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بەشداریی لە پرۆسەی گەشتوگوزاریی بکەن، کە ئێستا ھەرێم وەک لایەنێکی گرنگ بایەخی پێدەدا."
وا بڕیارە یەکەم کۆنفرانسی گەشتوگوزاری نێودەوڵەتی ڕۆژانی ١٧ و ١٨ی مانگی داھاتوو لەشاری ھەولێر ببەسترێ و تەوەری سەرەکی بەشداریی کۆمپانیا بیانییەکانە بۆ دروستکردنی پەیوەندیی لەنێوانیاندا. ھەروەھا پێشانگایەکی پیشەکانی دەستیی دەکرێتەوە لەگەڵ پێشانگایەکی فۆتۆگرافی لەسەر ئاستی جیھان.
عەبدولڕەحمان دۆسکی، بەرپرسی گروپی کۆمپانیاکانی پیرۆPIRO لەکۆنگرە رۆژنامەونوانییەکەدا گوتی: "ئەو کۆنفرانسە زیاتر لە ١٠٠ کۆمپانیای بیانی و ناوخۆی بەشداریی تێدا دەکەن، کۆمپانیا بیانییەکانیش لەوڵاتانی ئیمارات. ئێران. قوبرسی تورکی. ئەڵمانیا. لوبنان ھاتوون بۆ بەشداریی کردن."
لەوەڵامی پرسیاری پەیامنێری AA سەبارەت بەپەیوەندیی ھەڵبژاردنی ھەولێر بۆ پایتەختی گەشتاریی عەرەب و ئەو کۆنفرانسەکە، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم گوتی: "ئەم کۆنفرانسە پەیوەندیی بە ئامادەکارییەکانی ھەولێر نییە بۆ پایتەختی گەشتیاری عەرەب لەساڵی ٢٠١٤ دا."
لەبارەی رێژەی گەشتیار بۆ ناو ھەرێمی کوردستان، نادر رۆستی گوتی: "رێژەی ھاتنی گەشتیار بۆ ناو ھەرێمی کوردستان ئێستا بەراورد بەساڵانی رابردوو لە ٤٤% زیادیکردووە."