ھەولێر
بە بەشداری وەزیری تەندروستی، کشتۆکاڵ، بازرگانی و پیشەسازی و پلاندانانی ھەرێمی کوردستان و نوێنەرانی وەزارەتی پلان لە حکوومەتی عێراقی ۆرکشۆپێکی تایبەت بە سەلامەتی خۆراک و کۆمپانیاکانی پشکنینی خۆراکی سەلامەت بەڕێوە چوو.
وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان رێکەوت حەمە رەشید لەو ۆرکشۆپەدا باسی لە خۆرک لە ھەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "سەلامەتی خۆراک یەکێکە لە گرفتە تەندروستییەکانی جیھانی کە ساڵانە بەھۆی ناساڵمی خۆراکەوە نزیکەی دوو ملیون کەس گیان لە دەست دەدەن و زیاتر لە ٢٠٠ جۆری نەخۆشی گواستراوە بڵاو دەبێتەوە. سەڵامەتی خۆراک لە لای ئێمە زۆر گرنگە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە کە بایەخی زیاتر بەچاودێری و پشکنین و کۆنترۆڵی خۆراک بدات کە لە ئێستادا زۆر پێویستە".
رێکەوت حەمە رەشید لە درێژەدا گوتی: "ئاشکرایە لە ھەرێمی کوردستان کە زۆربەی خۆراکمان لە دەرەوە ھاوردە دەکرێن و دەھێنرێتەوە بە جۆری ساڵانە زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار تەن خۆراک ھاوردە ھەرێم دەکرێن ئەوش وا دەکات کە ھەوڵ و کۆشش زیاتر بخەینەڕوو بۆ کونترۆڵ و پشکنینی ئەو خۆراکانە".
وەزیری پلاندانانی ھەرێمی کوردستان عەلی سندی گوتی: "بابەتی خۆراک و کۆنترۆڵکردن و پشکنین وەک بابەتەکانی دیکە لە ھەرێمی کوردستان جێی بایەخە و هەتا ئێستا چەندین لایەنی پەیوەندیدار کاریان لەسەر ئەو بابەتەیان کردووە و بەردەوامن تا کۆالیتی و متمانە لە نێو خەڵک دروست بکەن و بگەنە ئاستی جیھانیی و باوەڕپێکراو".
وەزیری پلاندانان ھەروەھا گوتی: "ئەو بەرنامەیە لە ساڵی ٢٠١٠ ەوە لەلایەن حکوومەتی عێراق گفتگوی لە سەر کراوە و ھەرێمی کوردستانیش ئەو بابەتەی زۆر بەبایەخ وەرگرتووە و ئێستاش ئێمە دەتوانین هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و حکوومەتی عێراقی بکەین هەتا بتوانین سوود لە ئەزموونی ئەوان وەربگرین".