ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان و رێکخەری ژووری ھەڵبژاردنی حزبەکە، زمناکۆ جەلال لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە ئامادەکاری حزبەکە بۆ ئەگەری ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە ھەرێمی کوردستان و پڕۆسەکە، ھەروەھا نیگەرانی و چارەنووسی رێککەوتنی سیاسی حزبەکەی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، ئەنجامی گەڕی یەکەمی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و چاوەڕوانی دەست پێکردنەوەی کۆبوونەوەکان لەگەڵ ئەو حزبە، پرسی ھەڵوەشاندنەوەی حکوومەت و پێکھێنانی حکوومەتی نوێ و چۆنیەتی بەشداری کردنی گۆڕان تێیدا دەکات.
- "خۆمان بۆ ھەڵبژاردن ئامادە کردووە, پێداگیری لهسهر ئهنجامدانى ھەڵبژاردن دهكهین"
رێکخەری ژووری ھەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە بارەی داواکاری کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان لە حکوومەتی ھەرێم بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کۆتایی ئەمساڵدا و گفتوگۆکانی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لە دوایین کۆبوونەوەی خۆی لەسەر ئەو پرسە و ئامادەکارییەکانی ئەو حزبە بۆ ھەڵبژاردن دوا و گوتی: "ئەو داواکارییەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی کوردستان کردوویەتی تەنھا داواکاری ئەوان نییە و کاتی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنە لە کوردستان، ئێمەش وەک بزووتنەوەی گۆڕان ھێزێکی ھەڵبژاردنین و سەرچاوەی ھێز و توانا و پێگەمان و گەیشتنمان بە دەسەڵات و ئەو پلانەی وەرمان گرتووە لە ماوەی رابردوو لە ھەڵبژاردنەوە سەرچاوەی گرتووە، ھەروەھا سەرچاوەکانی ھێزی بزووتنەوەی گۆڕان تێکەڵ بوونیەتی لەگەڵ جەماوەر و سندوقەکانی دەنگدانەوە".
زمناکۆ جەلال دەڵێت "وەک بزووتنەوەی گۆڕان ھەموو ساتێک گوتوومانە ئامادەین بۆ ھەڵبژاردن و خۆمان بۆ ئامادە کردووە، ئێمە پێداگری دەکەین ھەڵبژاردن لە کات و ساتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و لە ژێر ھیچ بڕ و بیانوو پاساوێکی سیاسیدا ھەڵبژاردن دوا نەکەوێت، ئەوەی دەمێنێتەوە تێبینییەکانمانە لەسەر ھەڵبژاردن بەوەی ھەڵبژاردنێکی خاوێن و پاک بێت و وەک ھەڵبژاردنەکانی رابردوو پەردە پۆش نەکرێت بە تەزویر و دوور بێت لە تەزویر و تۆمارێکی دەنگدەرانی پاک ھەبێت و ھەنگاوی باشی بۆ بنرێت و بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ھەڵبژاردنێکی پاک بێت و دەربڕی ئیرادەی جەماوەر بێت.لەگەڵ ھەموو ئەو تێبینیانە ئومێد دەکەین ھەڵبژاردنێک بێت کە رەنگدانەوەی شەقامی ھەبێت.
-" پلانێکمان ئامادە کردووە بۆ ھەڵبژاردن و دەنگۆی داواکاری گۆڕان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بە لیستی داخراو دورە لە راستیەوە"
رێکخەری ژووری ھەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: "وەک ژووری ھەڵبژاردنی گۆڕان بە ھاوکاری ژوورەکانی تر پلانێکمان ئامادەکردووە بۆ ھەڵبژاردن و خستوومانەتە بەردەم جڤاتی نیشتمانی کە باڵاترین دەسەڵاتی گۆڕانە و گفتوگۆمان لەسەر کردووە لە ھەموو رووەکانی و لایەنەکانی ھەڵبژاردنەوە قسەمان لەسەر کردووە و دەوڵەمەنمان کردووە، بزووتنەوەی گۆڕان ئێستا ئامادەیە بۆ ھەڵبژاردن ئەگەر لە ھەر ساتێکدا بکرێت".
زمناکۆ جەلال گوتیشی: "دەنگۆی داواکاری گۆڕان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بە لیستی داخراو دوورە لە راستیەوە و پێموایە لیستی داخراو ھەنگاوێکە کورد تێی پەڕاندووە و ئەگەر ھەر شتێکی وا بڕوات ئیرادەی گۆڕان نییە و رەنگە ئیرادەی تاکە کەس بێت، ئێمە کاتی خۆی کە پەرلەمان کارا بوو پێش پەکخستنی کارەکانی پەرلەمان پڕۆژە هەموارێک لەلایەن لێژنەی یاسایی پەرلەمانەوە ئامادەکرابوو کە ئێمە بۆچوونەکانی خۆمان بەوان گوتووە و بەھیچ جۆرێک لەو پڕۆژە یاسایەدا کە کۆکەرەوەی رای ھەموو لایەنەکانی تێدا بووە باسی لیستی داخراو نەکراوە".
-"رێككهوتنى گۆڕان و یهكێتى تهجمید بووه و پهیاممان بۆیان ناردووه چارهنووسى رێككهوتنهكه یهكلا بكهنهوه"
زمناکۆ جەلال کە بڕیاردەری جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانە و ئاگاداری تەواوی رێککەوتنامەی حزبەکەیەتی کە لە ناوەڕاستی ساڵی رابردوو لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان واژوو کرا، لە بارەی نیگەرانییەکانی ھەڵسوڕاوانی حزبەکەی لە دەرەنجامەکانی رێککەوتنەکە و چارەنووسی ئەو رێککەوتنەوە گوتی: "رێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی وەک بنەما نەماوە، بەڵام وەک واقیع تەجمید بووە و ھیچ کارێکی لەسەر ناکرێت و بۆ ماوەیەکی زۆرە سەرکردایەتی ھاوبەشی ھەردوولا کۆبونەوەی ئەنجام نەداوە.لەناو بزووتنەوەی گۆڕان لە ماوەی رابردوو لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە ھەڵسوڕاوان رایەک دروستبوو کە دەبێت داوا لە یەکێتیی نیشتمانیی بکرێت چارەنووسی ئەم رێککەوتنە یەکلایی بکاتەوە و ئەوەش لە کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی باسی لێوەکرا".
ئێستا لە نێو یەکێتیی نیشتمانیی دابەش بوونێک دروست بووە و دوو ئاراستە دروست بووە، ئاراستەیەک دەیەوێت یەکێتیی رێککەوتن لەگەڵ پارتی بکات و ئاراستەیەکیش دەیەوێت یەکێتیی پەرە بە رێکەوتنەکەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بدات.
لەوبارەیەوە زمناکۆ جەلال دەڵێت "ئێمە لە بزووتنەوەی گۆڕان پشتیوانی ھەر کەسێک دەکەین لەناو یەکێتیی کە بە ئاراستەی ئەوە بێت رێککەوتنەکەی نێوانمان بەردەوامی ھەبێت، رێککەوتنەکە لە ئاستی جێبەجێکردندا زۆر لاوازە و تەجمید بووە، ئێمە پەیاممان بۆ یەکێتیی نیشتمانیی ناردووە کە چارەنووسی ئەو رێککەوتنامەیە یەکلابکرێتەوە".
ئەو سەبارەت بە دەنگۆی کۆوبونەوە و سەردانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ لای بزووتنەوەی گۆڕان و گفتوگۆکردن لەسەر نیگەرانییەکانی گۆڕان و چارەنووسی رێککەوتنەکە، ئەوەی رەتکردەوە کە یەکێتیی داوای کۆبوونەوەی لێکردبن و ئاماژەی کرد بەوەی تەنھا لە راگەیاندنەکانەوە ئەوەیان بیستووە، گوتی: "تائێستا ھیچ پەیام و وەڵامێکی فەرمی بە بزووتنەوەی گۆڕان نەگەیشتووە و ئەوەی ھەیە لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە باسیان کردووە و ھیچ بە گۆڕان نەگەیشتووە لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوە".
رێکخەری ژووری ھەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت "یەکێتی و گۆڕان دیدو تێڕوانینی سیاسی خۆمان رێکخست لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا ، ئێمە لەو رێککەوتنەدا پێداگریمان لەسەر کۆمەڵێک بنەما کرد وەک سیستەمی پەرلەمانی بۆ ھەرێمی کوردستان و ھەڵبژاردنی سەرۆک لە ناو پەرلەمانەوە ، لەگەڵ کۆمەڵێک ھەنگاوی تری چاکسازی و شەفافیەت، ئەمەش ئەوکاتە پارتی دیموکراتی کوردستانی نیگەران کرد، ئێستا باڵێکی نێو یەکێتی نیشتمانی کە بەرژەوەندییەکانیان وا دەخوازێت لەگەڵ پارتی رێکبکەون و بەرەو ئەوە ھەنگاو دەنێن، ئێمە ھیچ کات بەوە نیگەران نابین و ئەوان لەگەڵیان رێکبکەون و ئازادن، بەڵام پێمانوایە یەکێتیی نیشتمانیی دەبێت رێز لەو واژووە بگرێت کە خۆیان کردوویانە و ھەموو ئەندامانی سەرکردایەتی دەنگیان لەسەرداوە، ئەگەر یەکێتیی ئەو ھەنگاوە بنێت بەرەو پارتی و ئەو کارە بکات پەشیمان بوونەوەیەتی لەو بنەمایانەی کە لە پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەی ھاوبەشیان لەگەڵ ئێمە پێشکەش کرد و لە رێککەوتنەکە چەسپا کە پێویستە سیستەم پەرلەمانی بێت، پەشیمان بوونەوەی خۆیانە لەو ھەنگاوانە. ئێمە پەیامی خۆمان بە یەکێتیی نیشتمانیی گەیاندووە و ھەر کۆبوونەوەیەکیش بکرێت بە ئاشکرا پێیان دەڵێین چارەنووسی رێککەوتنەکەی یەکێتیی نیشتمانیی و بزووتنەوەی گۆڕان یەکلابکرێتەوە و ناکرێت ئاوا بە تەجمیدی درێژە بکێشێت. ئەگەر رێککەوتنەکەش کۆتایی بێت بزووتنەوەی گۆڕان کۆتایی نایەت و ھیچ کاریگەرییەکی وای نابێت، بەڵام ئێمە دید و تێڕوانینی خۆمان یەکخستبوو بۆ ئەوەی باڵانسی ھێز لە ھەرێمی کوردستان دروست ببێت و سیستەمی پەرلەمانی لە ھەرێم بچەسپێت و شەفافیەت و دادوەری لە ھەرێم ھەبێت، لەو ٢٥ خاڵەی رێککەوتنامەکە ھیچ خاڵێکی بەرژەوەندی گۆڕانی تێدا نییە و ھەموو بەرژەوەندی کۆمەڵگەیە، ئەگەر یەکێتیی نیشتمانیی پەشیمان بێتەوە لەو رێککەوتنامەیە ئەوکات دەبێت خۆی وەڵامی جەماوەر بداتەوە".
-"چاوهڕوانى ئهوهین پارتى به پڕۆژهوه بگهڕێتهوه و دهست به گفتوگۆكان بكاتهوه"
لە بەشێکی دیکەی دیمانەکەدا و لە بارەی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی ھەرێم و ھەڵوێستی گۆڕان لەسەر کۆبوونەوەکان، ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: "گەڕی یەکەمی کۆبوونەوەکانی پارتی ھیچ ئەنجامێکی نەبووە و خۆشیان گوتوویانە ھاتووین گوێ لە حزبەکان بگرین، پارتی ھەنگاوەکانی دیارە و یاری بە کاتەوە دەکات، بارزانی دەستپێشخەرییەکی کرد کە ھەموو ھێز و لایەنەکان بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە وەڵامدانەوەیان بۆی ھەبوو سەرەڕای ھەموو تێبینییەکانمان، بەڵام بۆ چارەسەری بارودۆخی سیاسیی کوردستان وەڵامدانەوەمان ھەبوو، ئامادە بووین پێشوازیمان لە شاندی پارتی کرد، بەڵام ئێستا بارزانی لە بەڵێنەکەی پەشیمان بووەتەوە و لە کۆنگرەی داڤۆس گوتی چیتر کۆبونەوەی پێنج قۆڵی ناکرێت و پارتییش پاشەکشەیان کردووە و ماوەیەکی زۆرە دەستیان بە کۆبوونەوەکان نەکردووەتەوە، بۆیە من گەشبین نییم بە کۆبوونەوەکان، بەڵام ھەر کۆبوونەوەیەک لەبەرژەوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی قەیرانەکان بێت بەدەمەوە چوونی بۆ دەکەین ، بەڵام کۆبوونەوەش لە پێناو کۆبوونەوە ناکەین".
رێکخەری ژووری ھەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان باس لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی یەکەمی حزبەکەیان لەگەڵ شاندی پارتی دەکات و دەڵێت "لە کۆبوونەوەی یەکەمدا بەلایەنی پارتیمان گوت ئێوە سێ خاڵتان پێشنیار کردووە بۆ گۆرینی ھەر سێ سەرۆکایەتییەکە و پێویستە رێز لە پەیامەکەی بارزانی بگرن، بڕۆن پڕۆژە بێنن با گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەکە بکەین، جاری یەکەم ئامادەبووین مامەڵە لەگەڵ دەستپێشخەریەکە بکەین و گوێ لە بۆچوونەکانیان بگرین، ئێستا چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە ئەوان بە پڕۆژەوە بگەڕێنەوە کە تائێستا نەھاتوونەتەوە".
-"چوار ساڵ ئۆپۆزسیۆن بوین و ھیچ کات لە ئۆپۆزسیۆن بوین ناترسین"
لە کۆتایی دیمانەکەیدا لە بارەی دەنگۆی ئەگەری رێککەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ پێکھێنانی کابینەیەکی نوێی حکوومەت و ھەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان لەو بارەیەوە، زمناکۆ جەلال گوتی: "حکوومەتی ئێستا کارایە و حکوومەت ھەڵنەوەشاوەتەوە تا قسە لەسەر حکوومەتی نوێ بکەین، بزووتنەوەی گۆڕان دوو شت لەبەرچاو دەگرێت بەرژەوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و ئیستحقاقی ھەڵبژاردنی خۆی، لەوە کەمتر قابیلی قبوڵکردن نییە، ئێمە چوار ساڵ ئۆپۆزسیۆن بووین و ھیچ کات لە ئۆپۆزسیۆن بوون ناترسێین".
news_share_descriptionsubscription_contact

