نیویۆرک
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای دەربڕینی پشتگیریی لەرێکخراوی داماڵینی چەکی کیمیایی لە سوریا و تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان، گەلی سوریای دڵنیاکردەوە لە ھەوڵەکانیان بۆ لەناوبردنی چەکی کیمیایی لە وڵاتەکەدا.
لەوبارەیەوە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بان کی مۆن گوتی "ھەرچەندە کاتمان زۆر کەمە بەڵام کارکردنی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی داماڵینی چەکی کیمیایی لە سوریا بەشێوەیەکی ھاوتەریب و بێ کەم و کوڕی ھیوایەکی بەھێزی پێبەخشیوم و دەتونم گەلی سوریا دڵنیابکەمەوە لە ئەنجامدانی باشترین کار لە کاتێکی کەمدا".
رێکخراوی داماڵینی چەکی کیمیایی لە سوریا تیمێکی ھاوبەشی ١٠٠ کەسی پێکھێناوە، بەپێی پلانەکان تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ چەکی کیمیایی لە سوریا بەتەواوی لەو ناودەبرێ.
لەلایەکی دیکە رێکخراوی داماڵینی چەکی کیمیایی و تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکی ھاوبەشدا رایانگەیاند: تا ئێستا کارەکان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن. لەماوەی ئەو ١٠ رۆژەدا کاردەکەن لە سێ شوێنی جیادا پشکنینیان ئەنجامداوە، ھەروەھا لەسەر درێژەدان بەکاری چەکداماڵین بەردەوامن.