Bekir Aydoğan
20 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 22 شوبات 2022
هه‌ولێر – AA
وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی به‌ره‌ی توركمانی عێراقی، ئایدن مه‌عروف رایگه‌یاند، بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق كه گوایه "یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان ناده‌ستوورییه"، به مه‌به‌ستی "سیاسی"یه.
ئایدن مه‌عروف له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵیی عێراق سەبارەت بە یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دوا.
ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی به‌ره‌ی توركمانی عێراقی، ئایدن مه‌عروف ئاماژه‌ی به‌وه دا كه دوای هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كانی عێراق كه له تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢١ ئه‌نجام دران تا ئێستا ناسه‌قامگیریی له‌ئارادایه و وێرای تێپه‌ڕینی نزیكه‌ی پێنج مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، هه‌نگاوێكی جیددی نه‌ندراوه بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت.
وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان، ئایدن مه‌عروف ئاماژه‌ی به‌وه دا كه له رووی كاته‌وه بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵیی گونجاو نه‌بووه و گوتی: "ئه‌مه بڕیارێكه زیاتر به ئامانجی سیاسیی به‌كار ده‌هێندرێت، دیاره كه بۆ گوشاری سیاسییه. بۆیه له پێناو عێراق هه‌ولێر و به‌غدا پێویستییان به دیالۆگه".
- "توركمانه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردندان له كاتی خۆیدا"
وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی به‌ره‌ی توركمانی عێراقی، ئایدن مه‌عروف ئاماژه‌ی به‌وه دا كه به‌پێی یاسا ده‌بێت له‌نێوان پێنجی ئهیلوول بۆ پێنجی تشرینی دووه‌م رۆژێك دیاریی بكرێت بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و گوتی: "توركمانه‌كان و به‌ره‌ی توركمانیش به‌شێوه‌یه‌كی چالاك به‌شدارییان له هه‌ڵبژاردنی خوله‌كانی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستاندا كردووه. ئێمه وه‌ك توركمان له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنداین له كاتی خۆیدا، هه‌روه‌ها گرنگه توركمانه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی چالاك له سیاسه‌ت، په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێمدا رۆڵیان هه‌بێت".