ههولێر - شوان سدیق
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لە پەرلەمانی كوردستان، ئەبوبەكر هەڵەدنی لە دیدارێكی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دوایین پێشهاتەكانی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، تایبەت بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم دەكات.
لەو دیدارەی ئانادۆڵو سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان ئەبوبەكر هەڵەدنی، رایگەیاند "ئەوەی لە ئێستادا هەیە لایەنەكانی سیاسی، لیژنەیان پێكهێناوە بۆ بەسەركردنەوە و گفتوگۆ لەگەڵ یەك بە تایبەتی بۆ چارەسەركردنی كێشەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پێشتر لیژنەی پێكهێنا لەم یەك دوو رۆژەش پارتی دیموكراتی كوردستان، لیژنەیەكی پێكهێنا و لەنزیكەوە لەگەڵ لایەنەكانی سیاسی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم تاوتوێ دەكەن، چونكە پرسی سەرۆكایەتی رەهەندێكی سیاسی و یاسایی هەیە".
هەڵەدنی گوتی: "وەكو یەكگرتووی ئیسلامی لیژنەی سیاسیمان پێك نەهێناوە ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان، پرۆژەی خۆمان بۆ هەمواری یاسای یەكی 2005ی سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەش كردووە و بەردەوامیشین لەسەر پرۆژەكەمان، هەروەها پێشوازی لە پێكهێنانی ئەو لیژنە حزبیانەش دەكەین، كە پارتی و یەكێتی پێكهێناوە بە ئومێدین بەزووترین كات پرسی سەرۆكایەتی یەكلای بكرێتەوە".
سەبارەت بە دیاریكردنی كات بۆ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، چونكە لە ئێستادا چوار پرۆژە یاسا بۆ هەمواری یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە رۆژانی ئاییندە گفتوگۆ لەسەر ئەو پرۆژانە بكرێت لە لیژنەی یاسایی.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، دەڵێت "بابەتەكە پەیوەند نییە بە دیاریكردنی ماوە، ئەوەندە پەیوەندی بە یاساوەیە تا 20ی ئاب ماوەیەكی كەممان لەبەردەم دەمێنێت، بۆیە لانیكەم دەبێت، بیست رۆژ تا مانگێك كات لەبەردەم پەرلەماندا هەبێت بۆ چارەسەركردنی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم ئەگینا دواتر بۆشایی یاسایی دروست دەبێت".
ئەبوبەكر هەڵەدنی گوتیشی: "درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم بۆ دووساڵی دیكە ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو هەڵدەبژێرنەوە، یاخود ئەم حزبە ئامادەیە سەرۆك لە پەرلەمان هەڵبژێرت هەروەها دەسەڵاتەكانی سەرۆك كەمبكرێت، هەموو ئەمانە ئەگەرن و قابیلی گفتوگۆكردن لەسەری".
سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان، بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی ٢٠٠٥ی ھەمواركراو دامەزراوە، لە ھەڵبژاردنی ٣١ی كانوونی دووەمی ٢٠٠٥ مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، لە پەرلەمانی كوردستان ھەڵبژێردرا.
دواتر لەسەر پێشنیازی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی ئەو حزبە مەسعود بارزانی پێشنیازكرا كە سەرۆكی ھەرێم راستەوخۆ لەلایەن ھاووڵاتییانەوە بەھەڵبژاردن دیاری بكرێت، ئەو پێشنیازەش زۆرینەی پەرلەمانتاران بە یەكێتی نیشتمانیشەوە دەنگیان بۆ دا.
لە ھەڵبژاردنی ٢٥.٧.٢٠٠٩ چوار كەس خۆیان كاندیدكرد بۆ سەرۆكایەتی ھەرێم لەنێوایاندا مەسعود بارزانی كە توانی ٧٠ لەسەدای دەنگەكان مسۆگەر بكات و دووبارە بووە بە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان.
بڕیاربوو لەگەڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ھەرێمیش لەساڵی ٢٠١٣ ئەنجام بدرێت، كەچی لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٣ بەھۆی پرسی رەشنووسی دەستووری ھەرێم ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ھەرێم لە ٢١.٩.٢٠١٣ لەگەڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام نەدراو بەپێی یاسای ژمارە ١٩ی ساڵی ٢٠١٣ ویلایەتی مەسعود بارزانی لە ٢٠.٨.٢٠١٣ بۆ دوو ساڵ درێژكرایەوە لە ٢٠.٨.٢٠١٥ كۆتای دێت.
لەدانیشتنی رۆژی 23ی حوزەیران، خوێندنەوەی یەكەم بۆ چوار پرۆژەی لایەنەكانی گۆڕان، یەكێتی، كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان كرا، بۆ هەمواری یاسای ژمارە یەكی 2005ی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان. بەڵام فراكسیۆنی پارتی كە خاوەنی 38 كورسیە لەگەڵ لیستەكانی كۆتا كە 11 ئەندامن 10 ئەندامیان بەشداری دانیشتنەكە نەبوون.
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئانادۆڵو ئایا یەكگرتوو كاندیدی دەبێت بۆ سەرۆكی هەرێم؟ سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، گوتی: "هێشتا بیرمان لەوە نەكردوەتەوە كاندیدمان بۆ سەرۆكی هەرێم هەبێت، هەركاتێك راگەیەنرا پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دەست پێدەكات ئەوكاتە قسەی خۆمان دەبێت".
ئەبوبەكر هەڵەدنی پێیوایە قسە لەسەر ئەوەنییە كە چوار لایەنەكە گۆڕان، یەكێتی، كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی كاندیدیان هەبێت بۆ سەرۆكی هەرێم یاخوود نا هێشتا دەستمان بەهیچ نەكردووە، كەی هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی هەرێم دەكرێت، هەركاتێك ئەوە راگەیەنرا ئەوكاتە قسە لەسەر كاندید دەكەین بۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.