ئۆرشەلیم
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند ''لە نێو ئاوەكانی نێودەوڵەتیدا رێگرییان كردووە'' لە کەشتییەکی سێیەم كەشتیگەلی ئازادی بۆ غەززە كە ئامانجی شكاندنی گەمارۆی سەر كەرتەكەیە.
لە روونكردنەوەیەكی نووسراودا كە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بڵاو كراوەتەوە، هاتووە:"سەربازەكان، سەردانی ئەو كەشتییەیان كردووە كە هەوڵی داوە گەمارۆی دەریایی سەر كەرتی غەززە بشكێنێت و پشكنیویانە''.
لە روونكردنەوەكەدا هاتووە ''رێگریكردنەكە سەركەوتوو بووە و كەشتییەكە بەرەو بەندەری ئوشدۆت براوە''.
لەو روونكردنەوەیەدا ئاماژە بەوەكراوە رێگری كردن لەو كەشتییە بەفەرمانی حكوومەتی ئیسرائیل بووە و نووسراوە: "دوای هەوڵە دیپلۆماتییە تاقەت پڕوكێنەكان، حكوومەتی ئیسرائیل هێزی دەریایی بەرەو ئەو كەشتییە ئاراستە كرد كە هەوڵی ئەوەی دەدا گەمارۆی دەریایی سەر كەرتی غەززە بشكێنێت، بەجۆرێك كە گونجاو بووە لەگەڵ یاساكانی نێودەوڵەتی، سوپای ئیسرائیل چەند جارێك داوای لە كەشتییەكە كردووە ئاراستەكەی بگۆڕێت. دوای ئەوەی ئەو داواكارییەی سوپای ئیسرائیل لەلایەن كەشتییەكەوە رەتكرایەوە، بەمەبەستی رێگری كردن لەشكاندنی ئەو گەمارۆ دەریاییەی خراوەتە سەر كەرتی غەززە سەربازەكان لە نێو ئاوەكانی نێودەوڵەتییدا سەردانی كەشتییەكەیان كرد و پشكنییان بۆ كرد''.
لە روونكردنەوەكەدا هاتووە ئەو سەربازانەی هەڵمەتەكەیان ئەنجامداوە رایانگەیاندووە ''كە پێویست نەبووە هێز بەكاربهێنن و پرۆسەی رێگریكردنەكە سەركەوتوو بووە''.
هەروەها لە روونكردنەوەكەی سوپادا هاتووە "لە ئێستادا كەشتییەكە راپێچی بەندەری ئوشدۆت دەكرێت و چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی ١٢ بۆ ٢٤ سەعاتی داهاتوودا بگاتە بەندەرەكە".
سێیەم كەشتیگەلی ئازادی بۆ غەززە كە ئامانجی شكاندنی گەمارۆی سەر كەرتی غەززەیە دوێنێ یەكشەممە لە دوورگەی كریتی یۆنانەوە دەستی بە جووڵە كردبوو.
لەو كەشتییەدا كە سەركۆماری پێشووی توونس محەمەد مونسیف ئەلمەرزوقی و پەرلەمانتارێكی ئیسرائیلی بەرەگەز فەڵەستینی بە ناوی باسل غەتتاس هەبوون، وەكو كەشتی رێبەر گەیشتە ئاوەكانی نێودەوڵەتی و كەشتییەكانی دیكەش بەدوایەوە بوون.
سێیەم كەشتیگەلی ئازادی بۆ غەززە ئامانجی شكاندنی ئەو گەمارۆ چڕو پرە بەردەوامەیە كە لەساڵی ٢٠٠٧ەوە ئیسرائیل خستوویەتییە سەر دانیشتوانی كەرتی غەززە و بردنی هاوكارییەكانی مرۆییە بۆ كەرتەكە و لە پێنج كەشتی پێكدێت كە ٤٨ كەسییان تێدایە.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لەو كەشتییەدایە كە ناوی فەرمی ''سی رێكس''ە بەڵام وەك رێزگرتنێك لە سینەماكار و چالاكوانی ئیسرائیلی خولیانۆ مێر خامیس كە لەساڵی ٢٠١١دا لەكاتی سەردان كردنی بۆ غەززە كوژرابوو، ناونراوە ''خولیانۆ دوو''.
كەشتی رێبەری سێیەم گەشتیگەلی ئازادی غەززە كە كەشتییەكی راوچییانی ماسییە بە ناوی ''ماریان'' لە شاری گۆتەبێرگی سویدەوە لە ١١ی ئایاری رابردوودا دەستی بە جووڵە كردبوو.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند رێگە نادەن كەشتییەكانی سێیەم كەشتیگەلی ئازادی بۆ غەززە بگەنە كەرتەكە بەهۆی ئەوەی گەمارۆی لەسەرە و ئەو چالاكوانانەی لە كەشتییەكانی كەشتیگەلەكەدان رەوانەی وڵاتەكانیان دەكرێنەوە، سەبارەت بە شێوازی رێگریكردنەكەش زانیاری زیاتری نەدا.