سلێمانی
زۆرینەی ئەو ئاوارانەی ئێزدی کەمپی عەربەت لە نزیک شاری سلێمانی نیشتەجێن لەو ھاووڵاتییە ئێزدییە پیر و پەککەوتە و ژن و منداڵانەن کە دوای کۆنترۆڵکردنی شنگال لەلایەن داعشەوە ئاوارەی چیای شنگال بوون، دواتر بەشێوەیەکی زەحمەت لەو چیایە دەرباز بوون و بەچەند رۆژێک خۆیان گەیاندە شاری سلێمانی.
ئەوان ماوەی ساڵێکە لە کەمپی کۆنی عەربەت لەگەڵ ئاوارەکانی عەرەبی تری پارێزگەی مووسڵ و دیالە و سەڵاحەدین دەژین و وەک خۆیان ئاماژەی بۆ دەکەن چەندین کێشە و گرفتیان ھەیە و ژیانێکی سەخت بەڕێ دەکەن.
سیسێ خەلەف ژنێکی ئێزدی تەمەن ٤٧ ساڵە و شەش منداڵی ھەیە، ئەو لەبارەی ژیانیان لە کەمپەکەدا دەڵێ: "لەگەڵ گەرمای ئەم ھاوینەدا دۆخمان زۆر خراپە و ئاو و کارەبامان نییە و چادرەکانیشمان باش نییە، رێکخراوەکانیش کە سەردانمان دەکەن ھەمووجار بەڵێنمان پێ دەدەن بەھاوکاری و یارمەتیدانمان بەڵام تەنھا بەڵێنە و ھیچی تر".
ئەو کە خاوەنی خێزانێکی گەورەیە باس لەوە دەکات دۆخی ژیانیان خراپە و ھیچ بژێوییەکیان نییە و کەسیش ھاوکارییان ناکات.
لەبارەی چۆنێتی گەیشتنیان بە شاری سلێمانی گوتی: "کە لەشنگال ھەڵاتین ١٤ رۆژ بە رێگاوە بووین و ئەو ماوەیەش بەشێکی بە پێ رۆیشتین و زۆر ھیلاک و کێشەمان بۆ دروست بوو".
حەجی جەبۆ خەلەف پیاوێکی تری بەتەمەنی نێو کەمپەکەیە و لە تەنیشت چادرەکەی خۆیەوە لە دۆخی ئاوارەکانی تری کەمپەکەی دەڕوانی کەبەدەست نەبوونی ئاو و کارەباوە ھیلاک بوون.
خەلەفی تەمەن ٦١ ساڵان لەبارەی ساتی گرتنی شەنگالەوە گوتی: "کاتێک داعش ھاتنە شاری مووسڵ و شارەکەیان گرت، داوام لە کەسوکارەکەم کرد شارەکە جێ بھێڵین و خۆمان رزگار بکەین بەڵام چۆڵیان نەکرد تا ئەوکاتەی داعش ھاتنە سەرمان و شنگالیان داگیر کرد".
ئەو ھەروەھا گوتی: "دوای ئەوە لەگەڵ کەسوکار و خێزانەکەم بەرەو چیای شنگال ھەڵاتین و ١٦ رۆژ بە زەحمەت لە چیا ماینەوە، دواتر بە پێ لەوێوە بەرەو سنووری سووریا و پاشان ھەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی ھاتین و لەم کەمپە نیشتەجێ بووین".
شیرین قاسم ژنێکی تری ئاوارەی ئێزدی نێو کەمپەکەیە و نۆ منداڵی ھەیە، ئەو بەدڵی پڕەوە و بەدەم نزا و دۆعاوە لەو کەسانەی ئەو دۆخەیان بەسەر ھێناون و ماڵ و مەزارگەکانیان تێکداون، سەرقاڵی دروستکردنی ئاڵایەک بوو کە وێنەی ماڵ و مەزارگەی ئێزدییەکانی لەسەر نەخشێنرابوو.
شیرین بەو شێوەیە دوا و گوتی: "چ دینێک رێگە بەوە دەدات دەستدرێژی بکەیتەسەر کچانی تەمەن منداڵ و بیان فرۆشی، ئەوان ماڵی ئێمەیان تاڵان کرد و دۆخێکی خراپیان بەسەر ھێناین و کچ و ژنەکانی ئێمەیان بردە سووریا و فرۆشتنیان ئەوەش تاوانێکی گەورەیە و لە ھیچ دینێکدا شتی وا نییە".
نەسرین شەرەف تەمەنی ٢١ ساڵە و یەکێکە لەو ژنانەی لەکاتی داگیرکردنی شنگالدا کەوتووەتەدەست داعش و ماوەی نۆ مانگ لەلای ئەو گرووپە ماوەتەوە، وەک خۆی دەڵێت چەند جارێک کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە.
ئەم ژنە هەتا ئێستاش ئاسەواری ترس و کارەساتەکە لە ناخ و روخساریدا ماوەتەوە و ئامادە نییە رووبەڕووی کامێرا بوەستێت و راستەوخۆ باس لە چیرۆکی گرتن و ئەو تراژیدیایە بکات کە لەلایەن داعشەوە بەسەریاندا ھێنراوە.
نەسرین دەڵێت: "دوای دە مانگ لە زەواجم، کارەساتی شنگال رووی دا و داعش ھاتنە شارەکەمان و لەگەڵ ٢١ ژن و کچی تری لای خۆمان لە نزیک چیای شنگال کەوتینە دەست داعش".
ئەو باس لەوەش دەکات دواتر لە نێو زینداندا ژنان و کچانیان لە پیاوەکان جیاکردووەتەوە و پیاوەکانیان بە دەستبەسراوی گواستووەتەوە بەرەو ناوچەیەکی تر، ئەوەش ترس و نیگەرانییەکانی ئەوانی زیاتر کردووە.
چەندین جار کڕین و فرۆشتنیان لە نێو ئەندامانی داعش پێ کراوە، دواترینیان لەلای پیاوێکی بەڕەگەز تونسی بووە.
لە مانگی نیسانی رابردوودا و بەھەوڵی زۆری چەند کەسایەتییەکەوە کە لەنێوان ھەردوولادا نێوانگیر بوون، بەبڕی ١٥ ھەزار دۆلاری ئەمریکی لەو پیاوە کڕدراوەتەوە و گەیەندراوەتەوە ھەرێمی کوردستان و ئێستا لەگەڵ خێزانەکەی لە کەمپی عەربەت دەژین.
دوای کۆنترۆڵکردنی پارێزگای نەینەوا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، لە رۆژی سێی ئابی ٢٠١٤ داعش گەیشتە شنگال و ئەو ناوچەشی کۆنترۆڵ کرد کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی ئێزدین، بەو ھۆیەشەوە زیانێکی گەورەیان لە ناوچەکە دا و بەشێک لە ژن و کچەکانیان رفاندن.