ههولێر - شوان سدیق
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پەرلەمانی كوردستان، ئومێد خۆشناو لە دیدارێكی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دواین گۆڕانكاری سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی لە كوردستان و پرسی سەرۆكایەتی هەرێم دەكات.
سەرۆكی فراكسیۆنی پ.د.ك لە ئۆفیسی فراكسیۆنەكەیان بۆ پەیامنێری ئانادۆڵو قسەی كرد. لەسەرەتای لێدوانەكانی ئومێد خۆشناو رایگەیاند "بابەتی سەرۆكایەتی هەرێم ئەو بابەتەیە پێویستە سازان و تەوافوقی نێوان لایەنەكانی سیاسی لەسەربێت، رەهەندێكی نیشتمانی هەیە و پەیوەستە بەهەموو لایەنەكان و تەواوی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و پێكهاتەكانەوە، واتە نابێت هیچ لایەنێك پشتگوێ بخرێت و بۆچوونی وەرنەگیرێت، بۆیە ئەو بابەتە ئەوەندە یاساییە دوو هێندە سیاسی و نیشتمانیە".
خۆشناو گوتی: "ئێمە لیژنەی دەستووریمان هەیە هێشتا كاری لیژنەكە تەواو نەبووە و بەردەوامە لە هەمانكاتدا یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەیە و بەركارە و كاری پێدەكرێت، راستە سەرۆكی هەرێم نامەی بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ناردووە، ئەوانیش وەڵامیان ئەوەبووە كە ناتوانن هەڵبژاردن ئەنجام بدەن، كەواتە تاكە بژاردە بریتییە لەوەی كە لایەنەكانی سیاسی بگەنە تەوافوق و سازان، دواتر بیهێنینە ناو پەرلەمانی كوردستان".
سەبارەت بە خوێندنەوەی چوار پرۆژە یاسا بۆ هەمواری یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2005 یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، كە لە 23ی حوزەیران لە پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە.
سەرۆكی فراكسیۆنی پ.د.ك دەڵێت "با ئەو بابەتە گەورە نەكەین، پێمانوابێت ئیدی كە پرۆژە یاسایەك خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، هەموو شت كۆتایی دێت نەخێر تەنیا لەم خولەی پەرلەمان نزیكەی 100 پرۆژە یاسا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و ئاسایش بووە، له خوولی رابردووش 150 پرۆژه خوێندنهوهی بۆ كراو دواتر بهجێیانهێشت. بۆ پرۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمیش لایەنەكان چوار پرۆژەیان هەیە، پێمانوانەبێت بە خوێندنەوەیان كێشەكە چارەسەر بوو نەخێر ئەسڵەن دۆخەكەی ئاڵۆزتر كردووە، دەبوو بۆ پێشكەشكردنی پرۆژە بۆچوونێكی یەكگرتوومان هەبێت".
ئومێد خۆشناو پێیوایە ناكرێت بۆ پرسی سەرۆكایەتی هەرێم فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان، موزایەدەی سیاسی بەسەر یەكەوە بكەن.
ئەو دەڵێت "بابەتی سەرۆكایەتی هەرێم هی ئەوەنییە فراكسیۆنێك یان چەند فراكسیۆنێك موزایەدەی سیاسی بەسەرەوە بكەن، راستە كاری ئێمە لە پەرلەمان پرۆژە دەركردن و یاسا دانانە بەڵام پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بایەتێكی سیاسی و نیشتمانیە دەكرێت لایەنەكانی سیاسی بگەنە ئەنجامێك ئەوكاتە فراكسیۆنەكان قسەی لەسەر بكەن، ئەمە بەو مانایە نا كە حزب كارەكەی یەكلای بكاتەوە".
سەرۆكی فراكسیۆنی پ.د.ك ئومێد خۆشناو گوتیشی: "هیچ لایەن و فراكسیۆنێك ناتوانێت كات بۆ ئێمە دیاری بكات، بڵێت پێویستە فراكسیۆنی پارتی پرۆژە پێشكەش بكات یان ئَێمە كاری خۆمان دەكەین، وەكو فراكسیۆنی پارتی ئەم مەرجانە رەتدەكەینەوە، ئەسڵەن بیرمان لەوە نەكردوەتەوە پرۆژە پێشكەش بكەین، پێمانوایە پێشكەشكردنی پرۆژە دروستكردنی بەربەست لەبەردەم گفتوگۆ لەسەر پرسی سەرۆكایەتی".
سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان، بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی ٢٠٠٥ی ھەمواركراو دامەزراوە، لە ھەڵبژاردنی ٣١ی كانوونی دووەمی ٢٠٠٥ مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، لە پەرلەمانی كوردستان ھەڵبژێردرا.
دواتر لەسەر پێشنیازی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی ئەو حزبە مەسعود بارزانی پێشنیازكرا كە سەرۆكی ھەرێم راستەوخۆ لەلایەن ھاووڵاتییان بەھەڵبژاردن دیاری بكرێت، ئەو پێشنیازەش زۆرینەی پەرلەمانتاران بە یەكێتی نیشتمانیشەوە دەنگیان بۆ دا.
لە ھەڵبژاردنی ٢٥.٧.٢٠٠٩ چوار كەس خۆیان كاندیدكرد بۆ سەرۆكایەتی ھەرێم لەنێوایاندا مەسعود بارزانی توانی ٧٠لەسەدای دەنگەكان مسۆگەر بكات و دووبارە بووە بە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان.
بڕیاربوو لەگەڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ھەرێمیش لەساڵی ٢٠١٣ ئەنجام بدرێت، كەچی لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٣ بەھۆی پرسی رەشنووسی دەستووری ھەرێم ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ھەرێم لە ٢١.٩.٢٠١٣ لەگەڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام نەدراو بەپێی یاسای ژمارە ١٩ی ساڵی ٢٠١٣ ویلایەتی مەسعود بارزانی لە ٢٠.٨.٢٠١٣ بۆ دوو ساڵ درێژكرایەوە لە ٢٠.٨.٢٠١٥ كۆتای دێت.
لەدانیشتنی رۆژی 23ی حوزەیران، خوێندنەوەی یەكەم بۆ چوار پرۆژەی لایەنەكانی گۆڕان، یەكێتی، كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان كرا، بۆ هەمواری یاسای ژمارە یەكی 2005ی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان. بەڵام فراكسیۆنی پارتی كە خاوەنی 38 كورسیە لەگەڵ لیستەكانی كۆتا كە 11 ئەندامن 10 ئەندامیان بەشداری دانیشتنەكە نەبوون.
سەبارەت بە نزیكبوونەوەی نێوان لایەنەكان، بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە بۆ تێپەڕاندنی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم.
ئومێد خۆشناو بۆ ئانادۆڵو گوتی: "كۆبوونەوەی ناڕەسمی كراوە، لە نێوان لایەنەكاندا، لەسەر ئاستی حزبی و فراكسیۆنیش، ئەوەی دەیبینین ئەو كۆبوونەوانە كە كراون بە خۆشحاڵیەوە هەموولایەك پێمانوایە ئەو بابەتە پرسی وڵاتی ئێمەیە پێویستی بە لێك تێگەیشتن هەیە ودەبێت بە دیدگایەكی نیشتمانی و بەرپرسانە لێی بڕوانین".
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی پێیوایە هیچ بەرەیەك لە هەرێمی كوردستان لە دژی حزبەكەیان دروست نەبووە.
ئەو زیاتر گوتی: "هیچ بەرەیەك لە دژی پارتی نە دروست بووە نە سەركەوتووش بووە، لەهەمانكاندا خۆمان لەبەرەیەكدا نابینینەوە و خەڵكی تریش لەبەرەیەكی تردا هەموومان لەبەرەیەكی نیشتمانین بەڵام بۆچوونی جیاوازمان هەیە باكیشمان نییە لەوەی كێ بۆچوونی لە ئێمەوە نزیكە یان لە لایەنێكی تر چونكە سەنگی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پرسەی سیاسیدا ئەو هێزە سیاسیە نییە نادیدە بگریدرێت، پارتی كاریگەری هەیە لەدواین هەڵبژاردنیش حزبی ژمارە یەكی ئەم وڵاتەیە".
ئومێد خۆشناو قسەكانی هێنایەوە سەر كاری پەرلەمانی كوردستان، بەتایبەتی لەسەر كۆبوونەوەی 23ی حوزەیران و گوتی: "كۆبوونەوەی 23ی حوزەیرانی پەرلەمان جگەلە هەنگاوێك بۆ تێكدانی سازان و هەڵەیەك كە سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێری پەرلەمان كە پشتگیریان لەولایەنانە كرد هیچی تر نابینین".
سەبارەت بە كاروباری پەرلەمانی كوردستان لەدوای 23ی حوزەیران، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت "تا ئێستا فراكسیۆنی پارتی سازانی نێوان فراكسیۆن و لایەنەكانی بەلاوە گرنگە بەڵام بەم شێوازەی كە روویداو بەردەوام بێت، بەَدڵنیایەوە، پێداچوونەوە بەتەوافوقدا دەكەین".