بهغدا
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق یەحیا عەبدوڵڵا رایگەیاند: "دوای هەوڵ و تەقەلایەكی زۆری یەكەكانی دەزگای هەواڵگری عەبدلباقی سەعدوون، كە یەكێكە لە سەركردە داواكراوەكانی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە لە شاری كەركووك دەستگیركرا و لە كاتی لێكۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەكانیدا ناوە".
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بینای وەزارەتی بەرگری عێراق، عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە كرد سەعدوون لە ئۆپەراسیۆنێكی هێزەكانی دەزگای هەواڵگریدا لە ناوەندی شاری كەركووك دەستگیركراوە، كە چەندین مانگە بەردەوامە و گوتی: "لەو لێكۆلینەوەیەی لەگەڵ سەعدووندا كراوە، دانی بەوەدا ناوە كە پەیوەندی بە گرووپەكانی تیرۆریستی هەبووە لە هاندان بۆ ئەنجامدانی ژمارەیەكی زۆر تاوان و كوشتن".
گوتیشی: "بەڵێنمان بە گەلەكەمان دابوو بۆ دەستگیركردنی چەتەكانی حزبی بەعس. هەر بەعسیەكی تاوانبار دەستگیر بكەین راپێچی بەردەم دادگای دەكەین و بە سزای بگەیەنین. بەو شێوەیەش مافی منداڵانی بێ باوك و ژنانی بێوەژن وەردەگرینەوە. دەچینە هەموو شوێنێك بۆ دەستگیركردنی ئەو چەتانەی لەسەر رێبازی سەركردە رووخاوەكانی بەعس رۆیشتوون".
دوای كۆنگرە رۆژنامەوانیەكە، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق عەبدوڵڵا گرتەیەكی ڤیدیۆی نیشانی رۆژنامەنووساندا، كە تیایدا سەعدوون دان بە تاوانەكانیدا دەنێت.
دوێنێ سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی لە بارەی دەستگیركردنی سەعدوونەوە رایگەیاندبوو لە ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراواندا سەعدوون دەستگیركراوە.
سەعدوون، كە بە دەستە راستی عیزەت ئیبراهیم ئەلدوری، جێگری سەرۆكی رووخاوی عێراق سەدام حوسەین ئەژمار دەكرا، لەگەڵ ئەوەی لە ناو حزبی بەعسدا پلەی ئەندامێتی فەرماندەی هەبوو، لە هەمان كاتدا بەرپرسی دیالە و ناوچەی باشوور بوو، ناوبراو لە ساڵی 2005ەوە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە داوا كراوە و خەڵات بۆ دەستگیركردنی تەرخانكرابوو.