سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئومێد خۆشناو بە ئاژانسی ئەنادۆڵوی گوت: "هەموو هەوڵەکان بە ئاراستەی ئەوەن کە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە بەڵام لەسەر شێوازی کارکردنەوەکەی جیاوازی بۆچوونمان هەیە ئەگینا هەموولایەنەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە وڵات بێ پەرلەمان نابێت و دەبێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە".
ئومێد خۆشناو رونیشی کردەوە کە "ئەو دۆخەی ئێستا هەیە دۆخێکی کاتییە بەڵام لە شێوازی کاراکردنەوەکەی پەرلەمان بۆچوونی جیاوازمان هەیە و هیوادارم کە کاتێک داوای گفتوگۆ دەکەین ئەو گفتوگۆیانە ببنە بنەما بۆ ئەو شێوازی بەڕێوەبردن و کاراکردنەوەی پەرلەمان لەبەرئەوە ئەو دەستەی سەرۆکایەتییەی پەرلەمان کە هەبووە و بووەتە بەشێک لە نەخشەڕێژکردنی پۆستەکانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکوومەت ئەوە رێککەوتنە سیاسییە لەسەر بنەمایەک بووە و کۆتایی پێ هاتووە".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلمانی کوردستان گوتیشی: "راستە کە گرفت و قەیران لە هەرێمی کوردستان هەن بەڵام ئەو گرفت و قەیران و بابەتانەی کە هەن پەیوەست نییە بەوەی کە پەرلەمان ناکارایە بەڵام ئێمە تەئکید دەکەینەوە کە ئێمە لەگەڵ ئەو دۆخە نەبووین کە پەرلەمان تێی کەوتووە".
پەرلەمان نەیتوانی مەرجەع بێت
ئومێد خۆشناو جەختیشی لەسەر ئەوەکردەوە کە "ئەو هێزە بەرپرسیارە لە راگرتنی پەرلمان کە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی دەکرد چونکە نابەرپرسانە لە قۆناغەکەدا هەنگاوی هەڵگرت و نەیتوانی کارێک بکات کە پەرلەمان وەکو چەترێک بێت کە هەموومان کۆ بکاتەوە و پەرلەمان ببێتە ئەو مەرجەعییەتەی کە خیلافاتەکانیشمان لە ژێر چەتری پەرلەماندا کاڵ ببنەوە و بەڵکو ئەو لایەنە پەرلەمانی کردە بەشێک لە خولقاندنی کێشە و گرفت لە نێوان لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمان بووە ئەو مینبەرەی کە لەوێدا بۆچوون و فیکری لایەک ئاراستە بکرێت کە بزووتنەوەی گۆڕان بوو. بۆیە پەرلەمان بەو دۆخە گەیشت".
بەگوتەی ئومێد خۆشناو: "ئێستا کە باس لە کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکرێت ئێمە جارێکی دیکە تەئکید لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە شێوازی دابەشکردنی پۆستەکانی پەرلەمان بەوشێوازەی کە ٥ حزب حکوومەت و حوکمڕانیمان دەکرد لەسەر بنەمای تەوافوق و رێککەوتنی سیاسی بووە ئەو رێککەوتنە سیاسییە کۆتایی پێ هاتووە و بەلای ئێمەوە جارێکی دیکە ئەو ئەزموونە ناسەرکەوتووە دووبارە نابێتەوە و ئەو سەرۆک پەرلەمانەی کە لە رابردوودا نەیتوانیوە وەکو سەرۆکی پەرلەمان رۆڵی خۆی ببینێت بەهیچ شێوەیەک نابێتەوە سەرۆکی پەرلەمان و بەلای ئێمەشەوە جارێکی دیکە ئەوەش کۆتایی پێ هاتووە کە بزووتنەوەی گۆڕان سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان وەرناگرێتەوە".
پارتی کۆبوونەوە رەتناکاتەوە
سەبارەت بە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەکان لە هەرێمی کوردستان سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی: "پارتی هیچ کات هیچ کۆبوونەوەیەکی رەتنەکردووەتەوە و بەپێچەوانەوە پارتی پێی وابووە کە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی کە لەبەردەمماندایە باشترین رێگا بۆ دەربازبوون لێی بریتییە لە دانوستان و گفتوگۆکردن و هەمیشەش جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بەتەنیا لەگەڵ لایەنەکان کۆدەبێتەوە چونکە هەریەک و گرفتێک یان روانینێکی جیاوازمان هەیە".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: "پارتی تەنیا لە بەرەیەک نییە و لایەنەکانی تر لە بەرەیەک بن و ئەگەر هەندێک بۆچوون و پرسیشیان لە یەکتری نزیک بێت ئەوە شتێکی دیکەیە بەڵام دیسان دەیڵێم پارتی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان یان هەر هێزێکی دیکە پێکەوە کۆنابێتەوە و تاک تاک لەگەڵ ئەو لایەنانە کۆ دەبێتەوە".
سەبارەت بە بووچونی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر رەتکردنەوەی کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی ئومێد خۆشناو گوتی: "گۆران رەتی کۆبوونەوەی نەکردووە بەڵام پێش مەرجیان هەبووە و پێمان وایە کە هەر پێشمەرجێک دادەنرێت بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک یانی مەبەستت ئەوەیە کە نایانەوێت کۆبوونەوەکە ئەنجامێکی باشی هەبێت. ئێمە پێشمەرجمان قبووڵ نەکردووە و پێشمەرجیشمان نەبووە بۆ هیچ کۆبوونەیەوەک و جارێکی دیکەش بزووتنەوەی گۆڕان دڵنیا دەکەینەوە کە ئەگەر ئەوان پێشمەرجیان هەیە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە دۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ پێش ١٢ تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو ئێمەش دەڵێین دەبێت ئەو دۆخە بگەڕێتەوە بەر لە رووداوەکانی پێش ٢٣ حوزەیرانی دەست پێ دەکات تا دەگاتە هەڵکوتانە سەر بارەگاکانی ئێمە و کادیری ئێمەی شەهید کرد. بۆیە پێشمەرجبوون بۆ گفتوگۆ مانای ئەوەیە کە دەتەوێت ئەو گفتوو گۆیە سەرکەوتوو نەبێت".
پرسی ریفراندۆم
سەرکردایەتی سیاسی و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتیی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بەتایبەتی زۆر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە بەزووترین کات ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت سەبارەت بە مانەوەی هەرێمی کوردستان یان جیابوونەوەی لە عێراق و ئەو ریفراندۆمەش پێویستی بە یاسایەک هەیە کە لە پەرلەمانی کوردستان دەربچێت. ئومێد خۆشناو لەوبارەیەوە گوتی: "نابێت مەسەلەی ریفراندۆم بە حزبی بکرێت و نابێت ببێتە قوربانی ئەو ناکۆکیانەی کە لە نێوانماندا هەن و سەرکردایەتی سیاسی کوردستانیش کۆمەڵێک دەستپێشخەری دەبێت بۆ ئەو کارە و یەکەم هەنگاویش ئەوەیە کە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکات و ئەو شوێنانەی کە پێویست بێت و ئەگەر لە گەڵ بەغداش لەسەر ئەو بابەتە بگەینە رێگاچارەیەک ئەوە پێویست بە ریفراندۆم ناکات بەڵام ئەگەر ریفراندۆم ئەنجام بدرێت پێویستی بە یاسایەک هەیە و بابەتی ریفراندۆمیش بابەتێکی نیشتمانی تەواوە و دەبێت دوور بێت لە هەر بۆچوونێکی حزبی چ لەوەی کە کێ دەیکات و کێش دژیەتی و ئەو بابەتە پرسێکی نیشتمانییە و دەبێت کۆمان بکاتەوە نەک خیلافمان زیاتر بکات".
یەکێتی دەنگی بە سەرۆکی پەرلەمان نەدا
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆتاییدا گوتی: "کاتێک کە پۆستەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمانمان دابەش کرد ئەو رۆژە فراکسیۆنی سەوز کۆوبوونەوەکانی پەرلەمانیان بایکۆت کرد و دەنگیان بە سەرۆکی پەرلەمان نەدا. سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی و سکرتێرەکەی بە رێککەوتنێک بووە و رێککەوتنەکە لەگەڵ فراکسیۆنی یەکەمی پەرلەمانی و لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکە بووە بە رێککەوتنێکی سیاسی ئەو رێککەوتنە سیاسیە کۆتایی پێ هاتووە و بەڵام لە رووە یاساییەکەیەوە هەنگاوەکانی ماوە بگیرێنەبەر بۆ بەتەواوەتی وەرگرتنەوەی متمانە و بۆیە دەبێت بەرێککەوتنێکی نوێ دەستەیەکی نوێ بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان بێتە ئاراوە و سەرۆکی پەرلەمان بەلای ئیمەوە لە ٢٣ حوزەیرانەوە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان نییە".
news_share_descriptionsubscription_contact

