Heman Hussein Yaseen
08 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2021
ههولێر - AA
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئومێد خۆشناو-ی بە پارێزگاری نوێی ھەولێر ھەڵبژارد.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ٢٣ ئەندامی ئەنجوومەن بەڕێوەچوو کە تیایدا سەرەتا دەنگدان بۆ کاندید سەرددەرین قادر سلێمان ئەنجامدرا و لە کۆی ٢٣ ئەندامی ئامادەبوو، ھیچ دەنگێکی بەدەست نەھێنا.
دواتر دەنگدان بۆ ئومێد عەبدولسەلام قادر کرا و لە کۆی ٢٣ ئەندامی ئامادەبوو، ھیچ کەس دەنگی پێی نەدا.
پاشان پڕۆسەی دەنگدان بۆ ئومێد خۆشناو دەستی پێکرد و لە کۆی ٢٣ ئەندامی ئامادەبوو، ١٨ کەس دەنگی پێیدا و بە پارێزگاری نوێی ھەولێر ھەڵبژێردرا.
لە دەنگدانەکەدا، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بەشداری کۆبوونەوەکە بوو، دەنگی بە ئومێد خۆشناو نەدا و ھەریەک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ١٢ کورسی و پێکھاتەکان بە پێنج کورسی و ئەندامی سەربەخۆ، ھیوا جەوھەر قەھار دەنگیان بە ئومێد خۆشناو دا و فراکسیۆنەکانی گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو و دوو ئەندامی سەربەخۆش ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون.
ئومێد خۆشناو لە ساڵی ١٩٧٧ لە شاری ھەولێر لەدایکبووە، باوکی پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان بووە و لە ساڵی ٢٠٠٠ پرۆسەی ھاوسەرگیری پێکھێناوە و دوو کوڕ و کچێکی ھەیە و دەرچووی پەیمانگای تەکنیکی بەشی راگەیاندن و ههڵگری بڕوانامهی بهكالۆریۆس له راگهیاندن و ماستهر له یاسای گشتییه.
ئومێد خۆشناو لە کۆنگرەی حەوتەمی پارتی ساڵی ٢٠٠٩ بە سکرتێری لاوان ھەڵبژێردرا و ماوەی شەش ساڵ لەو پۆستە مایەوە و لە ٢٧ی ئایاری ٢٠١٥ دەستی لە پۆستی سکرتێری لاوان هەڵگرت.
لە رۆژی ٢١ی ئەیلوولی ٢٠١٣ و لە میانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان دەنگی پێویستی بەدەستھێنا و بووە بە پەرلەمانتار و لە خولی پێنجەمیش جارێکی دیکە وەک پەرلەمانتار دەنگی پێویستی بەدەستھێنایەوە و تا هەڵبژاردنی بە پارێزگاری هەولێر، پۆستی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان لە ئەستۆ بوو.